کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەكمیلكردنی بەنداوی چەپەراوێ٥٢٠ میلیارد تمەنی پێویستە

14:36 - 1 گەلاوێژ 2715

هەڵبەستن‌و تەواوكردنی بەنداوی چەپەراوێی شاری شنۆیە پێویستیی بە بڕی ٥٢٠ میلیارد تمەن بوودجەی دیکە هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری كوردستان و كورد لە شاری شنۆ، ئەسعەد خزری، فەرمانداری شاری شنۆ كە سەردانی بەنداوی چەپەراوێی كردووە، گوتوویەتی ئەم بەنداوە سەدی ٨٠ی کارەکانی تەواو بووەو ئەگەر بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێ، لە چەند ساڵی داهاتوودا تەواو دەبێ. جێبەجێكردن‌و لیدانی پڕۆژەی بەنداوی چەپەراوێ ١٣ ساڵ لەوەپێش‌و لە ساڵی١٣٨١دەستی پێكردوەو تا ئێستا بڕی ٥٤ میلیارد تمەنی تێچووە، بەڵام خاوەنكاری ئەم پڕۆژەیە كە سەربە سپای پاسدارانە دەڵێ بۆ تەواوكردنی ئەم بەنداوە پێویستییان بە تەرخانکردنی بڕی ٥٢٠ میلیارد تمەنی دیكەش هەیە. پێویستیی ئەم بڕە پارەیە بۆ تەواوکردنی بەنداوەکە لە حاڵێك دایە كە ئەمساڵ تەنیا ١٧ میلیارد تمەن بوودجە بۆ ئەم بەنداوە تەرخان كراوەو تا ئێستا زۆر بە كەمی كاریان لێ كردوە. لە لایەكی دیكە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار كرێكارانی ئەم پڕۆژەیە بە هۆی وەدواخستنی مووچەو هەقدەستەكانیان مانیان گرتووە. شایانی باسە كە ئەگەر ئەم بەنداوە هەڵبەسترێ جگە لە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری شنۆو نەڵۆس زیاتر لە ١١ هەزار هێكتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیەش تێرئاو دەكاو هەروەها بڕیاری دەوڵەت لەسەر ئەم پڕۆژەیە ئەمەیە كە ٥٦ میلیۆن میتری موكەعەب ئاوی زیادەی ئەم بەنداوە بۆ گۆلی ورمێ بنێرن.