کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی کۆمەڵیک مامۆستای کوردی شارەکانی سنەو مەریوان‌و کرماشان

14:39 - 1 گەلاوێژ 2715

شوناس‌و ناوو نیشانی ٦ مامۆستای دەستبەسەرکراوی کورد ئاشکرا بوون. رۆژی ٣١ی پووشپەڕ مامۆستایانی قوتابخانە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە بەردەم پارلمانی ئێران کۆبوونەوەو بە نیسبەت پشتگوێ‌خرانی مافەکانیان‌و هەروەها پشتگیری لە مامۆستا دەستبەسەرکراوەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەو کۆبوونەوە مەدەنی‌و ناتوندو تیژییە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە هێرشی کرایە سەرو هێزە ئینتیزامییەکان بە باتوم و گازی ئەسرین‌ڕێژ بەرەنگاریان بوونەوەو دەیان مامۆستاش دەستبەسەرو کە دواتر بەشێک لەوان ئازاد کران. بە پێی لیستێک لە مامۆستایانی دەستبەسەرکراو کە هەواڵنێرانی رۆژهەڵات بڵاوی کردۆتەوە، لانیکەم ٦ مامۆستای کورد لە نێو دەستبەسەرکراوەکان دان کە ناوەکانیان بریتین لە: کامبیز رەمەزانی‌و ئەحمەد مرادی خەڵکی کرماشان، رەئوف فەتحی، بێهزاد قەوامی، غەیاس نیعمەتی خەڵکی سنەو مامۆستا‌یەکی شاری مەریوان بە ناوی محەممەدی. شایانی باسە کە هێزە ئینتیزامی‌و ناوەندە ئەمنیەتییەکان نیزیکەی ٢٠٠ مامۆستای بەشدار لەو کۆبوونەوەیان دەتبەسەر کردوەو بۆ گرتووخانەی شەقامی عەباس ئاباد گواستۆتەوە.