کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لۆران فابیوس: قەیرانی سەرەکیی سووریە بەشار ئەسەد بۆخۆیەتی

06:57 - 1 رەزبەر 2715

فەڕانسە دەڵێ قەیرانی سەرەکیی سووریە بەشار ئەسەد بۆخۆیەتی. لۆران فابیوس، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لە وتووێژێکدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٣١ ی خەرمانان بڵاو کرایەوە، گوتی: کێشە و قەیرانی سەرەکیی سووریە بەشار ئەسەد بۆ خۆی‌و مانەوەی لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە. وەزیری دەرەوەی فەڕانسە دەڵێ رێگای چارەی سەرەکیی کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانییە کە لە حیزبەکانی لایەنگرو دژبەری دەوڵەتی سووریە پێکهاتبێ. ئەو لەبارەی لەگەڵ پێشنیاری ڕووسیە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەربڵاو لە دژی داعش کە رێژیمی سووریەش تێیدا بەشدار بێ، گوتی: ئەگەر ڕووسیە بە نیازپاکییەوە بیر لە پێکهێنانی بەرەیەک بە دژی داعش دەکاتەووە، چۆن دەتوانێ رێژیمی بەشار ئەسەد لەو بەرەیەدا هاوبەش بکا، لە حاڵێکدا ئەو ریژیمە خۆی خوڵقێنەری سەرەکیی ئەو قەیرانەیە. فابیۆس پێداگریی لەسەر ئەوە کردوە کە بیرکردنەوە لەوەی بەشار ئەسەد دەتوانێ کلیلی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی سووریە بێ، تەنیا خەیاڵێکی خاوو دوور لە ڕاستییە. لۆران فابیوس لەبارەی ئامادەکاریی فەڕانسە بۆ بەشداری لە هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش گوتی: سیاسەت‌و هەڵوێستی فەڕانسە لەو پێوەندییەدا لەسەر بنەمای " بەرگری لە خۆ" بووە. ئێمە زانیاریی وردو تەواومان هەیە کە داعش ئامادەکاری بۆ کۆمەڵە هێڕشێکی تێرۆریستی بۆ سەر فەرانسەو هەندێک وڵاتی دیکە دەکاو ئێمەش لە دژی دەوەستینەوە.