کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزرانی دەیان فڕۆکەی جەنگیی ڕووسی لە سووریە

07:00 - 1 رەزبەر 2715

واشنگتۆن دەڵێ دەیان فڕۆکەی جەنگیی ڕووسی لە سووریەدا جێگیر کراون. کاربەدەستانی ئەمریکا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانەی لە پێوەندی لەگەڵ تۆخبوونەوەی هێزە نیزامییەکانی ڕووسیە لە سووریە دەگوترێن، دەڵێن مۆسکۆ ٢٨ فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی خۆی لە سووریەدا جێگیر کردوە. واشنگتۆن لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە ڕیگای جۆراوجۆرەوە نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی پشتیوانییەکانی ڕووسیە لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدو، تۆخبوونەی بەشداریی نیزامیی ئەو وڵاتە لە سووریە دەربڕیوەو ڕایگەیاندوە کە پشتیوانیی نیزامیی ڕووسیە لە رێژیمی بەشار ئەسەد تەنیا ڕەوتی ئاشتی‌و هەوڵەکان بۆ چارەسەری قەیرانی سووریە پەک دەخا. لە ئێستاش‌دا کاربەدەستێکی ئەمریکا لە پێناگۆن دەڵێ دەوڵەتی مۆسکۆ ئەو ئێسکادرانە ٢٨ فڕۆکە جەنگییەی لە بنکەیەکی نیزامیی سووریە لە ناوچەی " لازقییە"دا جێگیر کردوە. هەروەها زیاتر لە ٢٠ هێلی‌کۆپتێری شەڕکەرو ئۆتۆمبیلی جەنگیی نەفەرهەڵگری بۆ ئەو بنکە نیزامییە گواستۆتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە کاربەدەستێک لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد ڕایگەیاندوە کە ئەڕتەشی ئەو وڵاتە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەر نەبێ ٥ فڕۆکەی جەنگی‌و چەند فڕۆکەی هەواڵگریی لە ڕووسیە، وڵاتی هاوپەیمانی خۆی وەرگرتوە. ئەو کاربەدەستەی سووریە دەڵێ ڕووسیە وێڕای ئەوە کۆمەڵێکی زۆر کەرەستەی نیزامیی پێشکەوتووی خستۆتە بەردەست ئەڕتەشی سووریە تا لە دژی دژبەرانی بەکاریان بێنێ.