کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیابوونەوەی ١٨ ژن‌و مێرد لە ئێران لە هەر کاژمێرێک‌دا

07:05 - 1 رەزبەر 2715

سەرەڕای نیگەرانی دەربڕینی کاربەدەستان بەڵام ئاماری تەڵاق لە ئێران هەر دێ‌و زیاد دەکا. ڕێکخراوی سەبتی ئەحواڵی ئێران دەڵێ کە ئاماری گشتیی تەڵاق لە ئێران نیزیک سەدی ٩ زیادی کردوە، بە جۆرێک کە لە هەر کاتژمێرێکدا ١٨ ژن‌و مێرد لە ئێران لێک جیادەبنەوە. محەممەد ئیبراهیم تەریقەت، وتەبێژی ڕێکخراوی سەبتی ئەحواڵ لە پرێس‌کۆنفڕاسنی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ ی خەرمانانی ئەو ڕێکخراوەیەبە ئاماژە بەوەی لە شەش مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە ٤٣٦ حاڵەتی جیابوونەوەی لەو رێکخراوەیە تۆمار کراوە، گوتی لە هەر ٤ حاڵەتی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش یەکیان لەبەریەک هەڵدەوەشێ. ئەو دەڵێ لە شارە گەورەو ناوچەکانی پڕداهات‌دا ڕێژەی تەڵاق‌و جیابوونەوەکان زیاترە. بەپێی قسەکانی ئەو سەدی ١٤ ی جیابوونەوەکان لە یەکەم ساڵی ژیانی هاوبەش‌داو نیزیک بە نیوەی تەڵاقەکان لە پێنج ساڵی یەکەمی ژیانی هاوبەشی ژن‌و مێردەکان روو دەدەن. ئەو بە بەراوردکردنی گەشەی تەڵاق بەپێی ڕێژەی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەشی گوتی لە ساڵی ٩٠ تا ٩٣ ی هەتاوی بە گشتی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش نیزیک سەدی 7 لە کەمی داوەو بڕی تەڵاق‌و جیابوونەکان نیزیک بە سەدی ٩ زیادی کردوە. هەر بەپێی ئاماری نووسینگەی ئامارو زانیارییە حەشیمەتییەکانی رێکخراوی سەبتی ئەحواڵی ئێران لە ساڵی٩٠ ی هەتاوی‌دا لە هەر هەزار کەس لە ئێران ٩ کەسیان لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە.