لە سێ ڕۆژی کۆتایی حەوتووی ڕابردووداو لە ١٣٠٠ ڕووداوی هاتوچۆ لەو سێ ڕۆژەدا ١٠٠ کەس گیانیان لە دەست داوەو ١٧٠٠ کەسیش بریندار بوون.
ڕۆژنامەی " اعتماد"، چاپی تاران لە ژمارەی ڕۆژی سێشەمەی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕادەی ڕووداوکانی هاتوچۆو زیانەکانی بڵاو کردۆتەوەو دەڵێ کە وەرگەڕانی ماشێن بەهۆی خەواڵوویی شۆفیرو هەروەها لادان لە خێرایی ڕێگەپێدراو دوو هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێرانن.
بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی پزیشکیی قانوونیی ئێران لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢١٩ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران کوژراونو زیاتر لە 2 میلیۆنو ٨٠٠ هەزار کەسیش برینداربوون. بەپێی ئەو ئامارە ئێران بە تاقی تەنیا سەدی یەکو نیوی هەموو ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە دنیای پێدەبرێ کە ٢٠ ئەوەندەی ستانداردە جیهانییەکانە.
هەر بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕی ئێرانو عێڕاقدا ٢٢٠ هەزار کەس لە ئێران کوژران، کە ئەو ئامارە دوای 27 ساڵ بە ئەندازەی قوربانیانی گیانلەدەستداوی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوویە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەواڵدەریی حکومەتیی " مێهر" لە بانەمەڕی ئەمساڵدا بڵاوی کردەوە، لە ٢٠ ساڵی رابردوودا پتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.
شایانی باسە هۆکاری مرۆیی، نەبوونی فەرهەنگی گونجاوی شۆفیریو هەروەها ناستانداردبوونی بەشێکی زۆر لە ڕێگاوبانەکانی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی ڕوداوەکانی هاتوچۆ لەم وڵاتە دادەنرێن.