![](/files/dawlateirannnochin.jpg)
له حاڵێکدا خه‌ڵکی ئێران له کاڵای چینی‌و که‌یفییه‌تی نزمی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و وڵاته وه‌زاڵه هاتوون، جێگری سه‌رۆک کۆماری باس له په‌ره‌پێدانی هاوکارییه ئابوورییه‌کانی ئێران‌و چین ده‌کا.
دوابه‌دوای سه‌فه‌ری نوێنه‌ری تایبه‌تی چین بۆ ئێران‌و دیدار‌و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ئێران دوولایه‌ن پێداگرییان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی‌و په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه تیجارییه‌کانیان کرده‌وه، ئه‌وه‌ش له حاڵێک دایه که کارناسانی ئابووری له ساڵانی ڕابردوودا ڕه‌خنه‌ی زۆریان له کاڵاو به‌رهه‌مه‌کانی چین له بازاڕی ئێران بووه‌و لابرانی گه‌مارۆکان به ده‌رفه‌تێکی له‌بار بۆ جێگرتنه‌وه‌ی کاڵاکانی ئورووپا ده‌زانن.
ڕۆژنامه‌ی " اعتماد" له حه‌وتووی یه‌که‌می خه‌رمانان به پشتبه‌ستن به ئاماری گومرکی ئێران بڵاوی کرده‌وه که له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی‌نژاددا سه‌رجه‌م ٤٠ میلیارد‌و ١٨٧ میلیۆن و ٣٤٢ هه‌زار دۆلار کاڵا له چین‌ڕا هاورده‌ی ئێران کراوه. ئه‌وه‌نده کاڵایه ڕێک چوار هێنده‌و نیوی ئه‌و بڕه بووه که له ماوه‌ی ٨ ساڵ سه‌رکۆماریی محه‌ممه‌د خاته‌می‌دا هاورده‌ی ئێران کرابوو.
دوای هاتنه سه‌رکاری ده‌وڵه‌تی حه‌سه‌ن ڕوحانیش ئه‌و ڕه‌وته درێژه‌ی هه‌بووه‌و، به‌پێی ئاماره‌کان له ماوه‌ی دوو داڵ ده‌وڵه‌تی ڕوحانی‌دا ٢٢ میلیارد‌و ٣١٨ میلیۆن‌و ٧٤٨ هه‌زار دۆلار کاڵای چینی هاتۆته بازاڕی ئێرانه‌وه.
شایانی باسه له کلتووری زاره‌کیی کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا کاڵاو به‌رهه‌مه‌کانی چین لایه‌نگریان نییه‌و خۆشه‌ویست نین، هه‌ر بۆیه به‌شداریی چینی‌یه‌کان له پڕۆژه دواخراوه‌کانی وه‌ک ئوتوبانی تاران _ شیمال زیاتر په‌ره‌ی به‌و ناڕه‌زایه‌تییانه داوه.