له ئێران زۆربه‌ی گیراوه‌کان خه‌ڵکی هه‌ژارو که‌م داهاتن، به‌ڵام دوای گیرانیان که‌س له بنه‌ماڵه‌کانیان ناپرسێته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی پشتیوانی له بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان ڕه‌خنه‌ی له ده‌وڵه‌ت گرتوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی زیندانیانی پشتگوێ خستوه‌و ئاوڕیان لێ ناداته‌وه.
موحسین نه‌سیری ده‌ڵێ به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی سه‌دی ٢٠ی ئه‌و که‌سانه‌ی تازه ده‌گیرێن خزم‌و که‌سوکار نیزیکی زیندانییه قه‌دیمی‌یه‌کانن، ده‌ڵێ خه‌سارناسیی ئه‌و بابه‌ته ئاشکرای ده‌کا که بنه‌ماڵه‌ی زیندانییه‌کان هیچ ده‌ره‌تان‌و په‌نایه‌کیان نییه‌و له‌لایه‌ن هیچ لایه‌ن‌و ئۆڕگانێکی ده‌وڵه‌تیشه‌وه پشتیوانی ناکرێن.
ناوبراو به پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به ته‌نیا ناتوانێ خزمه‌تێکی ئه‌وتۆ به بنه‌ماڵه‌ی زیندانییه‌کان بکا، گوتی هه‌ندێ ڕێکخراوو ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تی وه‌ک بێهزیستی ده‌توانن له‌و باره‌یه‌وه ئه‌رکێک بخه‌نه سه‌ر شانیان، به‌ڵام خۆی لێ ناده‌ن‌و هیچ یارمه‌تییه‌کی ئه‌و بنه‌ماڵانه ناکه‌ن.
ناوبراو به ئاماژه به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی ده‌ڵێ زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌ی زیندانییه‌کان له ئێران پێش ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه بکه‌وێته زیندانه‌وه هه‌ژارو ده‌سکورت بوون، چ بگا به‌وه‌ی که سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه‌که‌ش له زیندان بێ‌و به‌وه‌ش بارودۆخی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌و هه‌ژاری‌و ده‌سکورتییان زۆر له ئی پێشووتر زیاتره.
ئه‌و کاربه‌ده‌سته‌ی ڕێژیم ده‌ڵێ سه‌دی ٧٠ زیندانییه‌کان له ئێران بنه‌ماڵه‌کانیان به‌ڕاستی هه‌ژارو چاوله‌ده‌ستن‌و ته‌نیا سه‌دی ٣٠ ی ئه‌وان له ڕووی ئابوورییه‌وه بێ کێشه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستاش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هیچ یارمه‌تییه‌کی بنه‌ماڵه‌ی زیندانییان نه‌دراوه؛ ئه‌وه‌ش له حاڵێک دایه که ده‌بێ حیسابی بنه‌ماڵه‌ی زیندانی له زیندانییه‌که جیا بکرێته‌وه؛ چونکی زیندانی چ به ئانقه‌ست یان بێ مه‌به‌ست تووشی تاوانێک بووه به‌پێی قانوون سزاکه‌ی ده‌کێشێ؛ به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و هیچ نه‌خشێکیان له‌و تاوانه‌دا نه‌بوه، که‌واته بۆ ده‌بێ سزا بدرێن؟