کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لەبەر سەلمان روشدی پێشانگای کتێب لە فرانکفۆرتی بایکۆت کرد

18:48 - 16 رەزبەر 2715

کێشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەڵ سەلمان روشدی بەردەوامە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندوە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەشداریی سەلمان روشدی، نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانیەکان، پێشانگای کتێب لە فرانکفۆرتی بایکۆت کردوە. پێشانگای کتێبی فرانکفۆرت کە ساڵانە لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان بەڕێوە دەچێ، بە یەکێک لە گرینگترین پێشانگا نێونەتەوەییەکانی کتێب دادەنرێ.. بۆ ئەمساڵ، رێکخەرانی ئەم پێشانگایە بانگهێشتی سەلمان روشدی، نووسەری بە ناوبانگی بریتانییان کردوە تا لە رێورەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا بۆ بەشداران بدوێ، ئەوەش دژایەتیی توندی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتەوە. لە ئێران وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامی‌و سەرۆکی رێکخراوی بەڵگەنامە‌و کتێبخانەی میللی بە شێوەی جیاواز و هاوڕا لەم بارەوە ناڕەزایەتیی خۆیان بە رێکخەرانی ئەو پێشانگایە راگەیاندوە. ٢٦ ساڵ لەوە پێش و دوای بڵاو بوونەوەی کتێبی ئایەتە شەیتانیەکان، خومەینی رێبەری کۆماری ئیسلامی فتوای کوشتنی سەلمان روشدی نووسەری کتێبەکەی دەرکرد. ئەوەش دژکردەوەی توندی وڵاتانی رۆژئاوایی‌و ناوەندەکانی بەرگری لە ئازادیی دەربڕینی لێ کەوتەوە. بەو هۆیەش ئەو دەسەڵاتە هیچکات بە کردەوە نەیتوانی هەنگاو بۆ جێبەجێ کردنی ئەو فتوایەی رێبەرەکەی هەڵێنێتەوە.