کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە موشەکە روسییەکان بە سەر ئێران‌دا بەربوونەوە

05:39 - 18 رەزبەر 2715

ژمارەیەک لەو موشەکانەی لە گەمیە فرۆکەهەڵگرەکانی روسییه‌‌وەو لە ئاسمانی ئێرانەوە بەرەو سووریه‌ دەهاویژرێن، بە سەر خاکی ئەو وڵاتەدا بەربوونەوە. بە پێی هەواڵی سی ئێن ئێن چوار لەو موشەکە روسییانە کە لە دەریای خەزەرەوە بەرەو سوریە دەهاویژرێن، لە رێگادا چروکیان کردوەو، لە نێو خاکی ئێران‌دا کەوتونەتە خوار، بەڵام هەر دوو وڵات لەو بارەیه‌وە بێده‌نگەیان لێکردوه‌. بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە ۱٥ی رەزبەر لە نیزیک گوندی قزقەپانی شاری تیکاب لە رۆژهەڵاتی کوردستان شتێک هاوکات لە گەڵ تەقینەوەیەکی بەهێز کەوتە خوارەوە کە شیمانە دەکرێ یەک لەو موشەکانە بێ. دوای ئه‌و ڕووداوه‌ هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامی بە پەلە خۆی گەیاندە شوێنەکەو ئاسەواری تەقینەوەکەی لە بەر چاوی خەڵک شاردەوە. فەرمانداری تیکاب لەم بارەوە رایگەیاندوە کە هەتا ئێستا بۆیان روون نییە ئەوەی لەو ناوچەیە کەوتۆتە خوارو تەقیوتەوە، چیه‌! هەر هەمان رۆژ ڕووداوێکی هاوشێوە لە نیزیک گوندی تۆمارقامیشی ناوچەی سەقزیش هاتە ئاراوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندیەش دا بێدەنگەیان لێکرد، به‌ڵام هه‌ندێ له‌ میدیا ناوچه‌ییه‌کان وایان ڕاگه‌یاند که‌ فڕۆکه‌یه‌کی هه‌واڵگریی بێ سه‌رنشین بووه‌. له‌و ڕووداوه‌ش‌دا هێزه‌کانی سپای پاسداران‌و ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌کان به‌ په‌له‌ خۆیان گه‌یانده‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌و ڕێیان له‌ خه‌ڵکی گرت تخوونی ئه‌و شوێنه‌ نه‌که‌ون.