کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانبارکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی ئازادییە مەزهەبییەکان لە ئێران

13:47 - 23 رەزبەر 2715

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە ئێرانی بە پێشێلکردنی ماف‌و ئازادیی ئایینزاکانی ئەو وڵاتە تاوانبار کرد. جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کاتی خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی پێشێلکاری دژ بە ئازادییە ئایینییەکان لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌دا، ئاماژەی بە پێشێلکردنی سیستماتیکی ئازادیی ئایینە جیاوازەکان لە وڵاتانی ئێران‌و عەرەبستانی سعودی کردو گوتی: ڕێگرتن لە چالاکییە ئایینیەکان‌و تاوانبار کردنی ئەنجامدەرانی، ترس‌و تۆقاندن، سەپاندنی یاسای پەیوەندیدار بە لادان‌و کوفر، بێڕێزی بە پیرۆزییەکان، قەدەغەکردنی هەڵبژاردنی ئایین لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگا‌و دواجار گرفت دروستکردن بۆ ڕێکخراوە ئایینییەکان، هەمووی ڕاستەوخۆ دەچنە خانەی پێشێلکردنی ئازادییەکانی مرۆڤەوە. لەو ڕاپۆرتە دا کە بەشێکی بۆ ئێران تەرخان کراوە هاتووە: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئێعدام‌و بەندکردنی ئایینزاکانی دیکەی لە ژێر ناوی شەڕ لەگەڵ خودادا بەردەوامەو کەسانی غەیرە موسڵمانی شیعەی لە کاروباری حکومەتی دوور خستووەتەوە. ئاوەدانی‌و پەروەردەو فێرکردن‌و دابینکردنی پێداویستییە زەروورییەکانی خەڵکی لە ئاستێکی زۆر نزم دایەو تەنانەت لە دابینکردنی شوێنی ژیان‌و ناشتنیش‌دا جیاوازی دەکری لە نێوان ئەوان‌و موسڵمانانی شێعەدا. لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتە دا ئاماژە بەو هەواڵاواردنە کراوە کە دژ بە کەسانی غەیرە موسڵمان لە ئێران‌، بە تایبەت بەهاییەکان‌دا پەیڕەو دەکرێ‌و ڕاستەوخۆش لە لایەن داودەزگا حکومەتییەکانەوە پشتگیری لێ دەکرێ. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەو ئیعدامانەش دەکا کە لە ماوی یەک ساڵی رابردوودا لە ژێر ناوی دژایەتی لەگەڵ خودادا دژ بە نەیارانی سیاسی‌و چالاکانی مەدەنی جێبەجێ کراون‌و باس لە لانیکەم ٢٤ ئێعدامی سیاسی‌و عەقیدەتی دەکا کە ڕێژیمی ئێران بەبیانووی ئایین‌و شەڕ لەگەڵ خودا کردوونی.