کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەیەکی دیکە لە پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە کوژران

00:10 - 26 رەزبەر 2715

بە دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی کوشتاری یەک بە دوای یەکی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سوریە، تلویزیۆنی ئورینت، زمانحاڵی ئۆپۆزیسیۆنی سوریە هەواڵی کوژرانی ٨ پاسداری دیکەی لەو وڵاتە بڵاو کردەوە. ئورینت تیڤی رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی رەزبەر بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو دا لانیکەم ٨ پاسداری دیکەی ئێران لە وڵاتی سوریە بە دەست هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە لە دەڤەرەکانی حومس و حەما کوژراون. هاوکات راگەیەنەرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیش بە شێوەی جیاواز کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە پاسدارەکانیان پشتراست کردۆتەوە. لەوانە رەسوڵ پور مراد خەڵکی قەزوین، نادر حەمیدی خەڵکی خوزستان، محەممەد رەحیم رەحیمی بەکرێگیراوی ئەفغانی، عارف حسینی و یارمحمد مردانی خەڵکی رەی. ئەوە سەرەڕای کوژرانی هەر یەک لە حسین هەمەدانی، فەرشاد حەسونی زادە، حەمید موختاربەند و عەلیرەزا قەنواتی کە لە فەرماندە پایەبەرزەکانی سپای پاسدارن بوون. مێدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی سپای پاسداران ئیدیعا دەکەن کە ئەوانە لە شەڕ لە گەڵ رێکخراوی تیرۆریستی دا کوژراون لە حاڵێک دا زانیاریەکان باس لە بەشداری و کوژرانی ئەوان لە شەڕ لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراسیخوازی سوریا و سپای ئازادی ئەو وڵاتە دا دەکەن.