کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ رێکخراوی مافی مرۆڤی ئاڵمان سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ ئێران دەدەنە بەر رەخنە

15:44 - 26 رەزبەر 2715

سێ رێکخراوی مافی مرۆڤ چالاک لە وڵاتی ئاڵمان، نیگەرانی خۆیان بۆ لەبیرچوونەوەی پرسی مافی مرۆڤ لە سەردانەکەی فرانک ڤالتێر شتاینمایر بۆ وڵاتی ئێران دەردبڕن و لەم بارەوە پێیان وایە گرینگیدان بە باسی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نابێ بکەوێتە ژێر سات و سەودا ئابوریەکان. فرانک ڤالتێر شتاینمایر وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بەرەبەیانیی رۆژی شەممە ١٧ی رەزبەر گەیشتە تاران و لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی پایەبەرزی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبۆوە. لەم بارەوە هەر یەک لە رێکخراوەکانی لێبوردنی نێونەتەوەیی لقی ئاڵمان، بنیاتی پارێزگاری لە مافی نەتەوە بندەستەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان بە شێوەی جیاواز نیگەرانی و رەخنەی خۆیان سەبارەت بە پشتگوێ خرانی پرسی مافی مرۆڤ لە سەردانەکەی وەزیری ئاڵمان دا دەربڕی. خاتوو رۆت یوتنێر کارناسی کاروباری ئێران لە رێکخراوی ئەمنستی ئینترناشناڵ لە لقی ئاڵمانی ئەو رێکخراوە لەم بارەوە وەبیری هێنایەوە کە وەزیری دەرەوەی ئاڵمان پێویستە لەو سەردانەی دا سەرکوتی ناڕازیان، گوشار بۆ سەر کۆمەڵگای مەدەنی و کەمایەسیە بەرچاوەکانی دەزگای قەزایی ئێران لە گەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بێنێتە بەر باس. ئەو هەروەها ئاماژەی بە رێژەی زۆری ئیعدامەکان و زیادبوونی بەردەوامی ئەو رێژەیە لە ئێران دا کرد و بە تایبەتی هیوای خواست کە وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە چارەنووسی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ئێوین و لەوانە ئومید عەلیشناس و ئاسۆ رۆستەمی بپرسێتەوە، داوای ئازادبوونیان بۆ بکا و بیروڕای گشتی لە ئاڵمانیش لە هەوڵەکانی خۆی ئاگادار بکاتەوە. وتیشی کە ئەوان بە بێ تاوان و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە حوکمی قورسی درێژماوەیان بە سەردا سەپاوە. هەر لەم بارەوە تیلمان زولێش سەرۆکی بنیاتی پارێزگاری لە مافی نەتەوە بندەستەکان کە بنکەی لە وڵاتانی وەک ئیتالیا و ئوتریشیش هەیە و تەنیا لە ئاڵمان خاوەنی ١٢ هەزار پشتیوانە، لە نامەیەک دا بۆ وەزیری دەرەوەی ئاڵمان داوای لێ کرد کە بە جێی مامەڵە و سات و سەودای ئابووری، دۆخی مافی مرۆڤ لە گەڵ کاربەدەستانی ئێران بێنێتە بەر باس و هەوڵی ئازادیی زیندانیانی سیاسی لەو وڵاتە دا بدا. وتیشی کە "نابێ لە سەردانەکەی شتاین مایر وا تێبگەین کە مامەڵە لە گەڵ رێژیمێکی دیکتاتۆریی وەک ئێران لە پڕەنسیپە دێموکراتیکەکان گرینگترە. بە بڕوای من مامەڵە لە گەڵ رێژیمێک کە ئەشکەنجە دەکا و دەکوژێ، هەڵەیە.. چۆن دەبێ ئێمە رەخنە لە جنایاتی روسیا لە ئۆکراین بگرین و دژ بە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ بین بەڵام باس لە سەرکوتی خەڵک لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە نەکەین؟!" هەر لەم پێوەندیەدا وتەبێژی لێژنەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان وتی کە بە بڕوای ئەوان دەبێ پرسی مافی مرۆڤ لە سەرەوەی ئامانجەکانی سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ ئێران بێ. وتیشی کە "ئێمە خۆشحاڵین رێککەوتنی ئابووری ئەنجام دەدرێ بەڵام نابێ وا نیشان بدرێ کە لە بنەڕەت دا هیچ کێشەیەکی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە ئارا دا نییە. بە پێچەوانە ئێمە دەبینین کە رێژەی ئیعدامەکان بەردەوام لە پەرەگرتن دایە و سەرکوتی جیابیران بە تەوژمتر بووە." وتەبێژی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان جەختی کردەوە کە پێویستە لە دانیشتنەکان لە گەڵ کاربەدەستانی ئێرانی دا، شتاین مایر بە روونی ناوی زیندانیانی سیاسی بێنێ و ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانی ئێران لە گەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و وڵاتی ئاڵمان بە بێ چارەسەری کێشەکانی مافی مرۆڤ مسۆگەر نابێ.