کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سوید

04:17 - 28 رەزبەر 2715

تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید مالاوایی له‌ ژیان کرد. ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧١٥ی کوردی، ئەندامی لە مێژینە و تێکۆشەری نێو ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کاک عەلی شێخە، ناسراو بە عەلی حاجی حەسەنی دۆڵەگەرمی، بە هۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ لە شاری یۆتێبۆری وڵاتی سوید ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. کاک عەلی شێخە کەسایەتی ناسراو و خۆشناوی ناوچەکانی سەردەشت و بیتوێن و پشدەر، یەکێک لەو ڕۆڵە تێکۆشەر و گەل خۆشەویستانەی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کوردایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە چ سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی و چ دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێراندا، هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی شۆڕش و بزووتنەوە رەواکەی بوو. پاش هێرشی سوپای داگیرکەر بۆ ناوچەی سەردەشت و زێدی ژیانی کاک عەلی، واته‌ دۆڵەگەرم، ناوبراو ئامادە نەبوو لە ژێر سێبەری ڕەشی ئەو ڕێژیمەدا دانیشت و بە ناچار ڕووی لە باشوور کوردستان کرد. بە درێژایی ساڵانی مانەوە لە باشووری کوردستانیش، هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی شۆڕش و حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. بە هۆی سوور بوونی لە سەر هەڵویستی و مل نەدان بۆ ویست داخوازییەکانی داودەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامی، چەندین جا لە باشووری کوردستانیش کەوتە بەر هەڕەشە دووژمن، هەر بۆیە لە ساڵانی کۆتایی دەیەی ٩٠ی زایینی دا ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی سوید گیرسایەوە. ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پرسە و سەخۆشی خۆی ئاڕاستە بنەماڵە و کەس و کاری کۆچکردوو و بە تابیەت خەڵکی دۆڵەگەرم و ناوچەی سەردەشت بە گشتی دەکا و خۆی لە خەمی لە دەست چوونی دا بە شەریک و بەشدار دەزانێ.