کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی مێرمنداڵانی ئەفغانی بۆ بەرەکانی شەڕ له‌ سووریه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌

13:48 - 2 خەزەڵوەر 2715

کۆماری ئیسلامیی ئێران مێرمناڵانی پەنابەری ئەفغانی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ لە سووریه‌ دەکاو شارەزایەکی کاروباری میلیشیا شیعەکانیش دەڵێ "ئەمانە زۆر جار بە زۆرەملی ڕەوانە دەکرێن." به‌رنامه‌ی "کۆنفلیکت"ی کەناڵی یەکی ڕادیۆی سۆئێد، بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵمەتی کۆکردنەوەی چەکدار بۆ بەرەکانی شەڕی سووریه‌ی چڕتر کردۆتەوە و ئەم پڕۆژه‌یه‌ مێرمناڵانی ژێر پازدە ساڵی پەنابەرە ئەفغانییەکانیش دەگرێتەوە. بە گوتەی شایەدحاڵان، ئەو کەسانەی دەچنە سووریه‌، مانگانە بڕی ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی پارە وەردەگرن و مافی نیشتەجێبوون لە ئێرانیشیان پێ ڕەوا دەبینرێ، مافێک کە لە حاڵەتی ئاساییدا وەرگرتنی ئاسان نییە. فیلیپ سمیتس، لێکۆڵەر لە زانکۆی "مێریلاند" و شارەزا لە کاروباری میلیشیا شیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ڕایگه‌یاندووه‌ کە بنەماڵەی ئەو ئەفغانیانەی لە شەڕی سووریه‌دا دەکوژرێن، نزیک ٣٠هەزار دۆلاری ئەمریکی لە کۆماری ئیسلامی وەردەگرن. ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە ئەم خێراییە لە کۆکردنەوەی هێزدا لە ئێران، پەیوەندیی بەو هەڵمەتە سەربازییەوە هەیە کە ئەرتەشی سووریه‌ ئەم ماوەیە بە پشتیوانیی ئێران و حیزبوڵا بە دژی نەیارانی دەستی پێکردووە. کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە چڕی خەریکی کۆکردنەوەی هێز بووه‌ و ئەمەشیان بە پشت بەستن بە قەرەبووی ئابووری و هەندێ قەول و بەڵێنی پڕوپووچ دەست پێکردووە، ئەم که‌سانە زۆر جار بە زۆرەملی ڕەوانەی سووریه‌ دەکرێن؛ لێکۆڵەری زانکۆی مێریلاند ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە ئێران، پێویستی بە ژمارەیەکی زۆرتر هاووڵاتیی ئەفغانستان هه‌یه‌، چوونکه‌ وەک ئەو دەڵێ "وەک سپەری زیندوو کەڵکیان لێ وەردەگرێ". شایانی باسه‌ که‌ ڕادیۆی سۆئێد لە ستۆکهۆڵم پەیوەندیی بە باڵوێزخانەی ئێرانەوە کردووە، به‌ڵام بەرپرسێکی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ئەم هه‌واڵه‌ی ڕەت کردۆتەوە.