کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیه‌ داعشی بەهێزتر کردووە

13:58 - 2 خەزەڵوەر 2715

ده‌وڵه‌تی ئەمریکا وێڕای ڕەخنەگرتن لە بوردومانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ڕووسیه‌ له‌ سووریه‌ ، دەڵێ هێرشه‌کانی ڕووسیه‌ بوونه‌ته‌ هۆی بەهێزبوونی داعش و هەروەها کوژران و بریندار بوونی دەیان کەسی مه‌ده‌نی و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و وێرانبوونی قوتابخانە و باڵه‌خانه‌کانی لێ که‌وتۆته‌وه‌. لە په‌ڕاوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سامانتا پاوێر، باڵوێزی ئەمریکا له‌ نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتێرز کرد کە لەسەر بنچینەی زانیاریـیەکانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیه‌ که‌ ئامادەی کردبوو، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه‌ که‌ هێرشه‌کانی ڕووسیه‌ سه‌دی ٨٠ ی ئەو ئامانجانەی پێکاوه‌ که‌ لە ژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون. پاوێر لەم بارەیەوە گوتی ڕووسیه‌ بە هێرش کردن بۆسەر گرووپە میانه‌ڕه‌وه‌کان، داعشی بەهێز کردووە کە لە ئێسـتادا توانیویەتی شوێنی زیاتر لە ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب داگیربکا. گوتیشی لەوەتا ڕووسیه‌ هێرشەکانی دەسـت پـێکردووە هه‌لومه‌رجی سووریه‌ له‌ بەرژەوەندی داعش دایه‌. هه‌روه‌ها ناوبراو گوتی نەتەوەیەکگرتووەکان هێرشەکانی ئەم دوایـیانەی هێزەکانی ئەسەد بە پاڵپشـتی چەکدارانی ئێران و حیزبوڵڵا و هێزی ئاسمانی ڕووسیه‌ بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای سووریه‌ کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن دان ده‌زانێ و له‌م ماوه‌یه‌دا نزیک به‌ ٨٥ هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو بە لانی کەمه‌وه‌ ١٠٠ کەسی مه‌ده‌نیش کوژراون. ناوبراو له‌ کۆتاییدا گوتی شەڕی ناوخۆیی سووریه‌ کە نزیکەی ٥ سـاڵە درێژەی کێشـاوە، تەنها بە لاچوونی بەشار ئاسه‌د لەسەر دەسەڵات کۆتایی پـێ دێ.