کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی ئه‌حمه‌د شه‌هید له‌ ڕێككه‌وتنی‌ ناوكیی ئێران

05:10 - 5 خەزەڵوەر 2715

ئه‌حمه‌د شه‌هید، ڕاپۆرتنێری‌ تایبه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ‌ كاروباری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ ئێران له‌ نوێترین ڕاپۆرتی‌ خۆیدا، پێشوازیی له‌ ڕێككه‌وتنی‌ ناوكیی ئێران‌و زلهێزه‌كان كرد. ئه‌و له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی‌دا ده‌ڵێ ‌‌ گه‌مارۆكانی‌ دژی‌ ئێران كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ ئێران بووه‌. ئه‌حمه‌د شه‌هید له‌م ڕاپۆرته‌دا هیوای‌ خواستوه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆكان كاریگه‌ریی باش له‌سه‌ر بارودۆخی‌ مافی مرۆڤ‌ له‌ ئێران، به‌ تایبه‌ت له‌ بواری‌ ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵکی هه‌بێ. ناوبراو ده‌ڵێ هه‌وڵه‌كان بۆ پێشگرتن له‌ كاریگه‌ریی خراپی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان بۆسه‌ر بارودۆخی‌ مافی مرۆڤ له‌ ئێران كاریگه‌ر نه‌بووه‌و ئه‌م گه‌مارۆیانه‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ شوێنی‌ خراپی له‌سه‌ر ته‌ندروستیی گشتی‌‌و بارودۆخی گشتیی خه‌ڵک داناوه‌. وه‌ک ئه‌حمه‌د شه‌هید باسی ده‌کا فشاری‌ ئابووریی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نرخی‌ كاڵاو ته‌نانه‌ت داو ده‌مانیش داناوه‌و، ئه‌م فشارانه‌ هه‌روه‌ها ئاستی‌ بێكاریشی به‌رز كردۆته‌وه‌و خه‌ڵکی له‌ ستانداردی‌ ژیان دوور خستۆته‌وه‌. ئه‌حمه‌د شه‌هید له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ڕاپۆرته‌که‌یدا په‌ڕژاوه‌ته‌ سه‌ت دۆخی ئێستای مافی مرۆڤ له‌ ئێران‌و ده‌ڵێ له‌ ماوه‌ی‌ 7 مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵی‌ زایینی‌دا‌ لانیكه‌م ٦٩٤ كه‌س له‌ ئێران ئێعدام کراون که‌ ١٠ که‌سیان ژن بووه‌و یه‌کیان خوار ته‌مه‌ن ١٨ بووه‌. هه‌روه‌ها ٣٣ كه‌سیش به‌به‌ر چاوی‌ خه‌ڵك له‌ سێداره‌ دراون. ئه‌حمه‌د شه‌هید له‌ درێژه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا هێناویه‌تی كه‌ له‌ نیوه‌ی‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ ٢٠١٥، بانگكران، لێكۆڵینه‌وه‌و ده‌سبه‌سه‌ركرانی‌ ڕۆژنامه‌نووسان، نووسه‌ران، چالاكانی‌ تۆڕه ‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و پارێزه‌رانی‌ مافی مرۆڤ له‌ لایه‌ن سپای‌ پاسداران و پۆلیسی سایبێری‌ درێژه‌ی بووه‌. ڕاپۆرتنێری‌ تایبه‌تی‌ مافی مرۆڤ له‌ ئێران له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌ پێشێلكردنی‌ ئازادییه‌کانی خه‌ڵک‌ وه‌ك مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، مافی ڕێكخراوه‌یی‌و مافی كۆبوونه‌وه‌ی‌ مه‌ده‌نیی خه‌ڵکی به‌هۆی ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تی‌و نیزامییه‌کانی ڕێژیم کردوه‌. ئه‌حمه‌د شه‌هید ده‌ڵێ ده‌ستڕانه‌گه‌یشتن به‌ دادگای عادڵانه‌‌و پێشێلكردنی‌ مافی ژنان‌و كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینیه‌كان له‌ ئێران هه‌ر وه‌ژ جاران درێژه‌ی‌ هه‌یه‌.