کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باراک ئۆباما: ناردنی سەرباز بۆ سووریه‌ بە پـێچەوانەی بەڵێنەکانم نیـیە

05:03 - 13 خەزەڵوەر 2715

باراک ئۆباما، سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا دەڵێ به‌رنامه‌ی ناردنی دەیان سەربازی هێزی تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریه‌ بە پـێچەوانەی ئەو بەڵێنەی نیـیە کە پـێـشتر داویەتی‌و گوتویەتی هێزی وشکانی به‌ڕێی شەڕ ناکا. باراک ئۆباما له‌ وتووێژ لەگەڵ کەناڵی NBCدا گوتی ئەم هەنگاوە تەنیا درێژەی ئەو هەوڵانەی ئەمەریکایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئه‌و پێداگری کرد که‌ ئەمریکا بەشداری لە شەڕێکی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی عێڕاق‌دا ناکا، هەروەها هیچ هێزێکی ئەمریکایی لە بەرەکانی شه‌ڕی دژی داعش دانانێ، چونکە بە وه‌ک خۆی ده‌ڵێ بەوە کێشەکە چارەسەر نابێ. ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردوو کۆشـکی سـپی ڕایگەیاند هێزێـکی تایبەتی ئەمریکا کە ژمارەیان لە ٥٠ کەس کەمتر دەبێ، بۆ ڕاوێژپێدان به‌ ئۆپۆزیسیۆنی سووریه‌ به‌ڕێی ئه‌و وڵاته‌ دەکرێن؛ ئەمەش بە گۆڕانێـکی گرینگ لە ستراتیژیەتی ئەمریکا لە بەرامبەر سووریه‌ دوای ساڵێک شه‌ڕی ئاسمانی له‌ دژی داعش له‌و وڵاته‌ دادەنرێ. باراک ئۆباما پـێشـتر زۆر لە دژی به‌ڕێ‌کردنی سەربازی ئەمریکایی بۆ شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، به‌ڵام ئێستا ئیداره‌ی باراک ئۆباما بۆ زیادکردنی هەوڵەکانی لە دژی داعش لە ژێر فشاردایە ، بە تایبەتی پاش ئەوەی داعش لە مانگی بانه‌مه‌ڕی ئه‌مساڵ‌دا شاری ڕومادی داگیرکردو هەروەها لەم دوایـیانە بەرنامەیەکی نیزامیی ئەمەریکا بۆ مەشق‌و ڕاهێنانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریه‌ لە وه‌دیهێنانی ئامانجەکانی‌دا شکستی هێنا.