کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی چوار ئەندامی دیکەی سپای پاسداران لە سووریە

14:27 - 14 خەزەڵوەر 2715

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە چوار ئەندامی دیکەی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون‌و جەنازەکانیان ڕۆژی چوارشەممە بۆ کاشان هاتۆتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "میزان" کە سەر بە دەزگای قەزایی رێژیمە، موحسین فانووسی کە لە گرووپی مەهەندسیی ٤٣ ی مەلایر بووە، ئێوارەی سێشەممە، ١٢ ی خەزەڵوەر لە سووریەدا کوژراوە. ئیڕنا، هەواڵدەریی ڕەسمیی دەوڵەتیش رایگەیاندوە کە جەنازەی نەسڕوڵلا محەممەدی، ئیسحاق مرادی‌و قوربانعەلی ئەحمەدی‌یان کە دوو ڕۆژ لەوە پێش لە سووریە کوژران، ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ ی خەزەڵوەر هێناوەتەوە کاشان. ئیڕنا باسی ئەوەی نەکردوە کە ئەو سێ کوژراوە نوێیەی سپای پاسداران سەر بە کام بەش بوون‌و لە کوێ کوژراون. ناوەندەکانی هەواڵگریی ڕۆژاوا پێشتر ئاشکرایان کردبوو کە هەر نەبێ ٢٠٠٠ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران لە تەنیشت هێزەکانی ئەڕتەشی سووریە‌و حیزبوڵلای لوبنان لەو عەمەلیاتەدا بەشداران کە بۆ گرتنەوەی شاری حەلەب دەستیان پێ‌کردوە. جێی بیرهێنانەوەیە کە لەگەڵ دەسپێکی گەڕی نوێی شەڕو پێکدانەکان لە سووریە ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی سپا‌و دەیان کەس لە هێزەکانی رێژیم کوژراون.