کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی پیشەسازیی نەوتی ئێران بە ٢٥٠ میلیارد دۆلار بە سەرمایە

04:17 - 16 خەزەڵوەر 2715

ئابووریی نەوتی ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا که‌ گەمارۆی له‌سه‌ر بووه‌، زیانی زۆری لێ كەوتووەو بۆ بووژاندنەوەی پێویستیی بە بڕی٢٥٠ میلیارد دۆلار سەرمایە هەیە. ئەگەرچی وەزیری نەوتی ئێران هیوادارە كە لە ماوەی 6 مانگ‌دا پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆكان بەشی لە كیس چووی ئێران لە بازاڕی نەوتی جیهان وەدەست بێنێتەوە، بەڵام کارناسانی نه‌وت ده‌ڵێن پیشەسازیی نەوتی ئێران پێویستییەكی یەكجار زۆری بە سەرمایەدانان هەیەو بۆ وەدەست هێنانەوەی ئەم توانایە پێویستی بە چەندین ساڵ هەوڵ‌و تەقەڵا‌و سەرمایەدانان هەیە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شیركەتی میللیی نەوت بۆ كاروباری سەرمایەدانان‌و دابین‌كردنی سەرچاوە ماڵییەكان ده‌ڵێ پیشەسازیی نەوتی ئێران لە ١٠ساڵی داهاتوودا پێویستی بە ٢٥٠ میلیارد دۆلار سەرمایە هەیە؛ بەڵام ئێران بە تەنیاو بەبێ پاڵپشتیی سەرمایەدانەرە بیانییەكان توانای دابین‌كردنی ئەم سەرمایەی نییە. لە لایەكی دیكەشەوە نرخی نەوت لە ماوەی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا لە بازاڕی جیهانی هیچ زیادی نەكردووەو، بێتوو كۆماری ئیسلامیش بەنیاز بێ ئاستی بەرهەم‌هێنان‌و فرۆشتنی نەوتی خۆی زیاتر بكا، ئەوا بۆ جارێكی دیكە دەبێ چاوەڕوانی دابەزینی نرخی نەوت بێ. لە كەمی‌دانی نرخی نەوت بووه‌ته‌ هۆی ناتوانابوونی دەوڵەت بۆ دابینكردنی سەرچاوەی ماڵی‌و، ئەم بارودخەش دەوڵەتی ناچار كردووە لە بوودجەی ئاوەدان‌كردنەوە كەم بكاتەوە‌و پەنا بۆ قەرز كردن لە نیزامی بانكی ببا. کارناسانی ئابووری ده‌ڵێن یەكێكی دیكە لە دەرەنجامە خراپەكانی ئەم بارودۆخە، كەم‌كردنەوەی ئاستی بەرهەم‌هێنانی سەنعەتییە، ڕاپۆرتی ڕێكخراوی بەڕێوەبەرایەتی و پلان‌دانان باس لە كەمی‌دانی لە ڕادە بەدەری توانای بەرهەم هیچنانی پیشەسازیی ئێران لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵ‌دا دەكا. جێێ باسه‌ هەرچەند وەزارەتی كاروباری ئابووری و دارایی، ڕێژەی قەرزەكانی دەوڵەتی تا ئاستی ١٥٠ هەزار میلیارد تمەن ڕاگەیاندووە، بەڵام بە پێی دوایین قسەكانی حەسەن ڕووحانی، دەوڵەت نیزیک به‌ ٣٥٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزدارە.