کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری سەرۆكی پارلمانی ئورووپا، جێگری سەركۆماری ئافریقای باشوورو وەزیری كۆرەی باشوور بۆ ئێران

06:16 - 17 خەزەڵوەر 2715

مارتین شولتێز، سەرۆكی پارلمانی ئورووپا دوای دیدار لەگەڵ لاریجانی، سه‌رۆکی پاڕلمانی ئێران گوتی پێوەندییەكانی نێوان یەكیەتیی ئورووپا‌و ئێران گەیشتۆتە قۆناغێكی چارەنووسساز. سەرۆكی پارلمانی ئورووپا ٢٠ ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا لە بارەی پەسندكرانی چوارچێوەی قانوونیی ئەم یەكیەتییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان بەدژی ئێران، سەردانی ئەم وڵاتەی كردوه‌. هەر هەمان ڕۆژ "سریل راما فوزا"، جێگری سەركۆماری ئافریقای باشوور، سه‌ردانی تارانی كرد. بڕیارە جێگری سەركۆماری ئافریقای باشوور له‌ ڕه‌وتی قسه‌ و باس‌و دیدار‌و چاوپێكەوتن لەگەڵ كاربەدەستانی پلەبەرزی كۆماری ئیسلامی هەلی سەردانی سەركۆماری وڵاتەكەی بۆ ئێران بڕەخسێنێ‌و ڕێگەخۆشكەری ئەم سەفەرە بێ. دەفتەری جێگری سەركۆماری ئافریقای باشوور، پێش ئەم سەفەرە ڕایگەیاندبوو كە ئەم وڵاتە بەتەمای دامەزراندنی پاڵاوگەیەكی نەوتە كە لەودا بە كەلكوەرگرتن لە نەوتی خاوی ئێران بتوانێ ڕێژەی بەرهەم‌هێنانی بێنزیی وڵاته‌که‌ی زیاتر بکاو، ئاستی پشتبەستنی خۆی بە شیركەتە بیانییەكان كەم بكاتەوە. بەدوای ڕاگەیەندرانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەدژی تاران، ئافریقای باشوور كە زۆرترین ڕێژەی نەوتی پێویستی خۆی لە ئێران دەكڕی، ناچار ببوو ئاستی هاوردەی نەوتی خۆی لە ئێران داببەزێنێ. هەروەها ڕۆژی شەممە "یوون بیوونگ"، وەزیری دەرەوەی كۆرەی باشووریش سەردانی تارانی كرد. دوایین سەفەری وەزیری دەرەوەی كۆرەی باشوور بۆ تاران ١٤ ساڵ له‌وه‌ پێش بوو. وەزیری دەرەوەی كۆرەی باشوور لە سەفەری ١ ڕۆژەی خۆی بۆ تاران، چاوی بە حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئێران‌و محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە كەوت. كۆرەی باشوور به‌ چوارەمین كڕیاری نەوتی ئێران داده‌نرێ، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووداو پاش گەمارۆكانی ڕۆژاوا بەدژی ئێران ئاستی هاوردە كردنی نەوتی ئێرانی كەمتر كردبۆوە.