![](/files/8-tanazzmzarban.jpg)
ئەندامانی سپای پاسداران لە ترسی کوژران ئامادە نین بچنە سووریەو فەرماندەیی سپای پاسدارانیش لێیانی توند کردوە کە یا دەردەکرێن یان دەبێ گویڕایەڵی فەرمانەکان بن.
رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی فەرماندەو پاسدارانی کوژراو لە سوریە بەرەو هەڵکشان دەچێو تا ئێستا دەیان پاسداری کۆماری ئیسلامی لە شەڕی پاراستنی بەشار ئەسەدو دەسەڵاتەکەی دا کوژراون؛ ئەوەش ئەندامان و فەرماندەکانی سپای پاسدارانی تۆقاندوە.
رۆژنامەی عەرەبی زمانی شەرقولئەوسەت لەم بارەوە ئاشکرای کرد کە زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران ئامادە نین بچنە سوریەو بۆ ئەمەش رێگای جۆراوجۆر بۆ خۆدزینەوە دەگرنە بەر.
بە پێی زانیاریی شەرقولئەوسەت تا ئێستا زۆر لە دەرەجەدارو فەرماندەکانی سپای پاسداران سەبارەت بە ئامادە نەبوونیان بۆ شەڕی سوریە، ڕادەستی دادگای نیزامی کراون. ئەوەش دوای بڕیارێکی سپای پاسداران هاتە ئاراوە کە تێیدا ئەندامانو فەرماندەکانی پلە خوارەوەی خۆی لە نێوان چوون بۆ سوریەو بێبەش بوون لە هەموو بەرپرسایەتیو ئیمتیازەکان سەرپشک کردبوو.
لە دادگا دا ئەو کەسانە بەرەورووی تۆمەتی سەرپێچی و خیانەت کراونەتەوە.
بە پێی هەمان سەرچاوە ئەو پاسدارانەی تەمەنیان لە وادەی بازنشەست نیزیک بۆتەوە، وایان بە باش زانیوە کە خۆیان بازنشەست بکەنو بە دوای کاری خۆیان دا بچن. هاوکات دادگای سپای پاسدارانیش لێکۆڵینەوەیەکی چڕی سەبارەت بە دەست لە کارکێشانەوەی ئەو ئەندامانەی خۆی لەم ساتەوەختەدا دەست پێ کردوە.