کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای فەرانسە له‌ ئامریكا بۆ گەرەنتی کردنی بازرگانی كردن لەگەڵ ئێران

06:41 - 21 خەزەڵوەر 2715

لۆران فابیووس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە داوای لە ئامریكا كردووە که‌ ئه‌گه‌ر شیركەتەكانی فەرانسە بیانەوێ پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان بەدژی كۆماری ئیسلامی، سات و سەودای تیجاری لەگەڵ ئێران ده‌ست پێ‌بکنه‌وه‌، له‌ سزاکانی ئه‌مریکا پارێزراو بن. شیركەت‌و بانكە فەرانسەوییەكان لە هەوڵی ئەوە دان كە پاش هەڵپەساردنی گەمارۆكانی دژی كۆماری ئیسلامی سەرمایەكانیان لەم وڵاتە وەگەڕ بخەن‌و پەرە بە مامەڵە تیجارەكانیان لە تاران بدەن. هەر بۆیە دەوڵەتی فەرانسە داوای لە ئامریكا كردوە كە زەمانەتی ئەوە بكا كە پاش ئەم مامەڵه‌و سه‌ودا تیجارییانه‌ بانك‌و شیركەتە فەرانسەوییەكان له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ سزایان نه‌خرێته‌ سه‌ر. بەپێی قانوونەكانی ئێستای ئامریكا، دەوڵەتی واشینگتۆن ئەم مافەی هەیە كە سەرجەم ئەم سات‌و سەودایانەی كە بە دۆلار له‌گه‌ڵ ئێران دەكرێن، تەنانەت ئەگەر لە لایەن شیركەتە بیانییەكانیشەوە بێ بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی‌و چاوەدێرییان بەسەردا بكا. هەر چەند بڕیارە پاش ڕاپۆرتی ١٥ی دێسامبری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەدژی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵپەسێردرێن، بەڵام دەوڵەتی ئامریكا كۆمەڵێك لە سزاكان بەدژی ئێران ڕادەگرێ. بەم هۆیەوە وڵاتانی بریتانیا، ئاڵمانو فەرانسە داوایان لە ئامریكا كردوە لەم جۆرە سزایانەی كە بەدژی بانكی فەرانسەوی "بی ئێن پی ـ پاریبا"دا جێبەجێی كرد، ڕووبەڕووی ئەم شیركەت‌و بانكە ئوورپاییانەی دیكەی نەكاتەوە كە لە ئێران‌دا چالاكن. فەرانسە كە پێش گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەدژی ئێران جێگه‌و پێگەیەكی باشی لە بازاڕی ئابووریی ئەم وڵاتەدا هەبوو، ئێستا زۆر بە توندی لە لایەن ئامریكاو چینەوە ڕكەبەری لەگەڵ دەكرێ‌و جێگه‌ی پی لێژ کراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ بڕیارە لە کاتی سەفەری حەوتووی داهاتووی حەسەن ڕووحانی، سەركۆماری ئێران بۆ فەرانسە، ئەم دوو وڵاتە چەندین گرێبەستی گرینگ لەگەڵ یەكتر ئیمزا بكەن.