کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی عەرەبستان لە UN بۆ مەحكوومكردنی دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی سووریەدا

06:48 - 21 خەزەڵوەر 2715

عەڕەبستانی سعوودی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەكی ڕادەستی كۆمیتەی مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە لەودا دەستێوەردانی ئێرا‌ن‌و ڕووسیە لە كاروباری سووریەدا مەحكووم كراوە. ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیە كە ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ١٩ی خەزەڵوەر ڕادەستی كۆمیتەی مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، لە لایەن وڵاتی عەرەبستان‌و بە هاوكاریی قەتەر ئامادە كراوەو، پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبی، ویلایه‌ته‌ یەكگرتووەكانی ئه‌مریكا، بریتانیا، فەرانسەو زۆربەی زلهێزە ڕۆژاواییەكانی له‌گه‌ڵه‌. عەڕەبستان‌و وڵاتانی عەڕەبیی دژبەری ئەسەد چەندین جار ئێرانیان سه‌باره‌ت به‌ بە دەستێوەردان لە بارودۆخی سووریەو بەشداریی نیزامیی كۆماری ئیسلامی لە نێو خاكی ئەم وڵاتە تاوانبار كردووەو تەنانەت وەك داگیركەر ناویان بردوه‌. له‌م ڕەشنووسە كە بۆ كۆمیتەی مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادە كراوە، ڕاستەوخۆ ناوی ڕووسیەی نەهاتووه‌، بەڵام زۆر بە توندی سه‌رجه‌م هێرشەكان بۆسەر گرووپە میانەڕەوەكانی دژبەری سووریەی مەحكووم كردووەو داوای كردووە زۆر بە پەلە ئەم هێرشانە بوەستێندرێن. لە ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیەدا باس لەوە كراوە كە ئەم هێرشانە لە بەرژەوەندیی گرووپی داعش‌و باقی گرووپە تێرۆریستەكانی دیكەی وەك بەرەی نوسرە دان. ئەرتەشی ڕووسیە ماوەی زیاتر لە مانگێكە لە وڵاتی سووریەو له‌ ژێرناوی پشتیوانی لە هێزەكانی بەشار ئەسەد دەستی بە زنجیره‌ هێرشێکی بەربڵاو كردووەو ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە ئامانجی زۆربەی ئەم پەلامارانە وەك داعش یا لقەكانی ئەلقاعیدە نین، بەڵكوو زۆربەی ئەم هێرشانە كراونەتە سەر گرووپە میانەڕەوەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە نێو خاكی سووریەدا. شەڕی نێوخۆیی سووریە لە پێنجەمین ساڵی خۆی دایە. وەزیری دەرەوەی ئامریكا پێشتر گوتبووی که‌ لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لە هەر ٢٠ هاووڵاتیی سووری‌دا، كەسێك گیانی لە دەست داوە. هەروەها بە چەندین میلیۆن که‌سیش ئاوارە بوون‌و بەهۆی ئەم شەڕە مالوێرانكەرە شەپۆلێكی كەم وێنەی پەناخوازان ڕوویان له‌ ئورووپا کردووه‌.