کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرجی گەرانەوە شیرکە نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئێران

15:46 - 21 خەزەڵوەر 2715

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێک‌دا دەڵێ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران لە دوای هەڵگیرانی گەمارۆکان مەرجیان هەیەو دەڵێن ئێران دەبێ بە نرخێکی هەزرانتر نەوتیان بداتێ‌و لە بارودۆخێکی باشتر بۆ ئەوان‌دا گرێبەستیان لەگەڵ ئیمزا بکا. کارناسانی نەوت لە ئەمریکاش لەسەر ئەو باوەڕەن کە دوای هەڵگیرانی گەمارۆکانیش ئەگەری گەڕانەوەی خێرای کۆمپانیا نەوتییەکان‌و بووژانەوەی پیشەسازیی نەوت‌و گازی ئێران هێشتا هەر لاوازە. ڕۆیتێرز دەڵێ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بە سەرنجدان بە بەردەوامیی دابەزینی نرخی نەوت لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر قازانجی زیاتر کۆکردۆتەوەو کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاکێشانی ئەوان بەرەو خۆی لە دوای نەمانی گەمارۆکان دەبێ پێشنیاری گونجاوی بۆ ئەوان هەبێ. دەوڵەتی ئێران لە مانگی خەرمانان‌دا گوتی کە بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی سەرمایەدانەرو خاوەن کۆمپانیاکانی نەوت ڕەشنووسی هەندێ گرێبەستی سەرنج‌ڕاکێشی بۆ کڕیارانی نەوت ئامادە کردوە، بەڵام وردەکاریی ئەو ڕەشنووسانە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون. کارناسانی ئابووری دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا ئەو پڕستیژە نێودەوڵەتییەی نییە کە کۆمپانیا نەوتییەکان بیانەوێ لە وڵاتێکدا سەرمایە دابنێن کە بەرپرسایەتییپاراستنی سەرمایەکان وەئەستۆ ناگرێ.