کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی پۆلیسی شه‌ش وڵاتی ئورووپایی بۆ سه‌ر گرووپه‌ تێرۆریستییه‌ ئیسلامییه‌کان

16:31 - 22 خەزەڵوەر 2715

لە هێرشێکی بەربڵاوو هاوکاتی پۆلیسی شەش وڵاتی ئوروپایی بۆ سەر ماڵ‌و جێگەی ژیان‌و کاری تاقمێک ئیسلامی توندڕەو، ١٧ کەس دەستبەسەر کران. بە گوێرەی هەواڵی هەواڵدەرییە ئوروپاییەکان، پۆلیسی ولاتانی ئیتالیا، بریتانیا، نۆروێژ، فینلاند، سویس‌و ئاڵمان، لە هێرشێکی هاوبەش‌دا بۆ سەر ماڵ‌و جێگەی کاری تاقمێکی تێرۆریستی ئیسلامی، ١٧ کەسیان دەستبەسەر کردو، بە دوای کۆمەڵێکی دیکەش‌دا دەگەڕێن. بە قسه‌ی پۆلیسی ئەو وڵاتانە، ئەو گرووپە تێرۆریستییە، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە تێرۆریستی بەناوبانگ مەلا کرێکارەوە بووه‌و لە بەرنامەیان دا بووە کە هێرش بکەنە سەر ئەو بەندیخانەیه‌ی نۆروێژ کە کرێکاری تێدا به‌ند کراوه‌. بە پێی هەواڵه‌کان له‌و په‌لاماره‌دا ٦ کەس لە ئیتالیا، ٤ کەس لە بریتانیاو ٣ کەس لە نۆروێژ گیراون‌و ئەوانی دیکەش لە وڵاتانی ئاڵمان، سویس و فینلاند قۆڵبەست کراون. ١٦ کەس لەو گیراوانە کوردی خەڵکی باشووری کوردستانن‌و یەک کەسیشیان بە ڕەگەز خەڵکی کۆسۆڤۆیە. پۆلیسی ئورووپا دەڵێ کە ئەو کەسانە بۆ ڕاهێنانی پێویست سەردانی وڵاتانی عێراق‌و سووریەیان کردووەو دەورەی پێویستیان بۆ کردنی هەرچەشنە کارێکی تێرۆریستی‌و تەقینەوە بینیوە. ئەو هێرشەی پۆلیسی شەش وڵاتە ئوروپاییە پاش چاوەدێرییەکی چروپڕی چەندین ساڵەی ئەو تاقمە تیڕۆریستیە دەستی پێ‌کردو پۆلیس دەڵێ کە لە نزیکەوە ئاگایان لە هەموو چەشنە جموجووڵێکی ئەو گرووپانە بووە. نەجمەدین ئەحمەد فەرەج، ناسراو بە مەلا کرێکار، کە پێشتر بنیاتنەرو ڕێبەری تاقمی تێرۆریستی ئەنسارولسوننەو ئەنسارولئیسلام بوو، ڕێکخەرو بەرپرسی چەندین هێرشی تێرۆریستییە بۆ سەر خەڵکی مه‌ده‌نی‌و بنکەو بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە باشووری وڵات‌و لە لایەن دەزگای دادی هەرێمی کوردستانەوە وەک تاوانبار ناسراوە، بەلام بە هۆی ئەوەی کە چەندین ساڵە وەک پەنابەر لە وڵاتی نۆروێژ گیرساوەتەوە، خۆی لە چنگ دادگای کوردستان ڕزگار کردبوو، بەڵام لە ماوەی چەندین ساڵ ژیانی لە نۆروێژ، دوو جار لە لایەن دادگای ئەو وڵاتەوە بە تاوانی هاندانی خەڵکی بۆ کاری تێرۆریستی‌و سکاڵای چەندین کەس دژی، کەوتە بەندیخانەوەو هەر ئیستا لە یەکێک لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتەدا دەست به‌ند کراوە.