کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران‌و برینداربوونی سه‌دان که‌س له‌ باشووری لوبنان به‌هۆی دوو ته‌قینه‌وه‌ی خۆکوژی‌دا

16:35 - 22 خەزەڵوەر 2715

لە دوو تەقینەوەی خۆکۆژی دا لە باشووری لوبنان سەدان کەس کوژران و بریندار بوون. بە هۆی دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە ناوچەی "بورجەل بەراجنە"ی باشووری بەیرووت، پایتەختی لوبنان لە شەوی پێجشەممە 21ی خه‌زه‌ڵوه‌ردا لانیکەم ٤٣ کەس کوژران‌و زیاتر لە ٢٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. بە پێی هەواڵی ڕاگەیاندنەکانی لوبنان ئەو تەقینەوانە لە لایەن ٣ کەسی خۆکوژەوە کە پشتینی پڕ لە تەقەمەنییان لە خۆیان بەستبوو کراوه‌. گرووپی تێرۆریستیی داعش بەرپرسایەتیی ئەو کردەوە خۆکوژییانەی گرتووەتە ئەستۆو هەرەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە حیزبوڵای لوبنان‌و شێعەکانی ئەو وڵاتە کردووە. وائیڵ ئەبو فاعور، وەزیری تەندروستیی لوبنان لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ هەواڵدەرییەکان پشتڕاستی کردەوە کە کردەوەکان خۆکوژی بوون‌و لە لایەن سێ تێرۆریستەوە کراون. بە قسه‌ی ئەبو فاعور لەو تەقینەوانەدا کە خەڵکی مه‌ده‌نیی کردووەتە ئامانج، لانی کەم ٤٣ کەس کوژراون‌و زیاتر لە ٢٤٠ کەسی دیکە بریندار بوون، بەڵام کۆمەڵێکی زۆر لە بریندارەکان لە بارودۆخێکی خراپ دان‌و له‌وانه‌یه‌ ژماره‌ی کوژراوه‌کان له‌وه‌نده‌ زیاتر بێ. ناوچەی بورجەل بەراجنەی باشووری بەیرووت، یەکێک لە گەڕەکە قەرەباڵغ‌و پڕ حەشیمەتەکانی ئەو شارەیه‌ کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووەکانی شێعەن‌و لە لایەن تاقمی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنانەوە ئیدارە دەکرێ. گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا، کە بە درێژایی شەڕی نێوخۆیی سووریە پشتگیریی ڕێژیمی بەشار ئەسەدی دەکرد، لە لایەن گرووپی تێرۆریستی داعشەوە به‌ دوژمنی ژمارە یەک داده‌نرێ‌و ئەو گرووپە بەڵێنی داوە کە زەبری کوشندە لە حیزبوڵڵا بدات. هاوکات حیزبوڵڵاش کە لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاریکاری دەکرێ، ڕایگەیاندووە کە تا فەوتانی یەکجارەکی داعش، لە شەڕ دژ بەو گرووپە بەردەوام ده‌بێ.