کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران نایەوێ پارە ونبووەكانی بابەك زەنجانی بدۆزرێنەوە

13:47 - 23 خەزەڵوەر 2715

وێب سایتی كەلیمه‌، که‌ سەر بە ریفۆرمخوازانی كۆماری ئیسلا‌می‌یه‌ دەڵێ، هاوكاران‌و شەریكه‌ نهێنی‌یه‌کانی بابەك زەنجانی دەیانەوێ ناوبراو ئێعدام بكرێ، بەڵام چارەنووسی پارە ونبووەكانی بە ناڕوونی بمێنێتەوە. سایتی هەروەها كەلیمه‌ دەنووسێ، پەیامی چەند كۆبوونەوەی دادگای بابەك زەنجانی بۆ دەسەڵاتداران ڕوون و ئاشكرایەو ئه‌وه‌یه‌، که‌هەر ئەندامێكی دەوڵەت بیەوێ بەرژەوەندیی سپای پاسداران بخاتە مەترسییەوە، بۆ خۆی دەكەوێتە مەترسییەوە، چ مەعسوومە ئیبتكار بێ كە بەرژەوەندیی شیركەتەكانی پیترۆشیمیی بەرهەمهێنانی بێنزینی پیسی بخسته‌ ژێر پرسیارو دوایه‌ بۆ خۆی کرایه‌ ئارمانجی هیڕش‌و تاوان، چ فەرەجی دانا كە ده‌یه‌ویست بوورسیە ناقانوونی‌یه‌کان له‌ هه‌ڵڵا بداو له‌ کۆڵ کۆمه‌ڵگای خوێندنی باڵایان بکاته‌وه‌ به‌ڵام به‌ خۆی تێداچوو، چ بیژه‌ن زەنگەنە که‌ گەندەڵییە میلیاردی‌یه‌کانی بازرگانانی گەمارۆكان له‌ هه‌ڵلاداو ئێستا ئیتلاعاتی سپا به‌ شانۆگەریی بابەك زەنجانی دەیه‌ەوێ وەزیری نەوتی كابینەی حەسەن ڕۆحانی لە گۆڕەپانەكە وەدەرنێ. بەپێی ڕاپۆرتی سایتی كەلیمە لە قاودانی نامەی نهێنیی بابەك زەنجانی بۆ نوێنەرانی مەجلیس، پەردەی لەسەر هێندێك لە ڕاستییەكان لادا. نامەیەك كە تێیدا ئاشكرابوو لانیكەم بەشێك لەم پارەیەی كە بابەك زەنجانی بابەتی گرێبەستەكانی لە بانكی ناوەندی‌و وەزارەتی نەوتی دەوڵەتی ئەحمەدی نژادی وەرگرتبوون ئێستا لەبەر دەستی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران‌دا ماوەتەوە. هەمان سەرچاوە دەنووسێ كە دادگایی كردنی بابەك زەنجانی ڕووبەڕووبوونەوەی سپای پاسداران‌و دەوڵەتە كە ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك بە گژ یەكتر‌ی‌دا چوون