کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی پتر لە١٥٠ کەس‌و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە لە چەند ڕووداوی تێرۆریستیی لە پاریس

14:07 - 23 خەزەڵوەر 2715

بەهۆی چەند هێرشێکی تیرۆریستی‌و خوێناوی لە پاریس پایتەختی فەرانسە سەدان کەس کوژران‌و بریندار بوون. بە پێی هەواڵی مێدیا جیهانی‌یەکان شەوی هەینی لەسەر شەممە، ٢٣ ی خەزەڵوەر لە چەند شوێنی شاری پاریس لە لایەن چەند تێرۆریستێکەوە بە چەک‌و بە بۆمب هێرش کرایە سەر خەڵکی مەدەنی‌و بەو هۆیەوە هەر نەبێ ١٥٨ کەس کوژران‌و بە دەیان کەسیش بریندار بوون. ناوەندە دەرمانی‌و فریاگوزاری‌یەکانی فەڕانسە دەڵێن بەهۆی سەختیی برینی کۆمەڵێکی زۆر لە بریندارەکان لەوانەیە ژمارەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە زیاتر ببێ. ئەو هێرشانە لە کاتێکی دیاری‌کراوو بە چەند خولەکێک دوای یەکتر لە چەند گەڕەکی شاری پاریس ڕوویان داوە. یەکێک لەو هێرشانە بۆ سەر ڕێستورانی " پتی کامبوج" هەڵکەوتوو لە گەڕەکی دەیەمی شاری پاریس ڕووی داوەو، لە هێرشێکی تیرۆریستی هاوشێوەدا، چەند تیرۆریستێک هێرشیان کردۆتە سەر مشتەری‌یەکان لە ڕێستورانی " لوکاریون" لە گەڕەکی یازدەهەمی شاری پاریس‌و هەروەها لە هێرشێکی دیکەی تیرۆریستی دا بۆ سەر ساڵۆنی شانۆی "باتکلان" لە گەڕەکی یازدەهەم، تیرۆریستەکان بە چەک هێرشیان کردۆتە سەر ڕێبواران‌و بەشدارانی ئەو کۆنسێرتەو خەڵکانێکی زۆر بە بارمتە دەگرن. دوای شەڕێکی تووند لە نێوان پۆلیس‌و تیرۆریستەکان‌دا ئەو شوێنە لە دەست تیرۆریستەکان پاک دەکرێتەوەو بە پێی هەواڵ لە ساڵۆنی شانۆی " باتکلان" دا ١١٨ کەس لە خەڵکی مەدەنی لە لایەن تیرۆریستەکانەوە کوژراون. لە هێرشێکی دیکەی دا تیرۆریستەکان چەند بۆمبێکیان لە دەرەوەی " یارگای فەرانسە" لە " سن دنی" هەڵکەوتوو لە باکووری پاریس کە یاری نێوان فەرانسە‌و ئاڵمانی تێدا بەرێوە دەچوو تەقاندۆتەوەو هاوکاتیش بە چەکی جۆراوجۆر خەڵک‌و ڕێبوارانی ئەو گەڕەکەشیان بەر گوللەی چەکەکانیان داوە. سەرۆکی شارەوانیی شاری پاریس لە لێدوانێک‌دا ڕایگەیاند کە بە گشتی جیا لە ١١٨ کەسی نێو ساڵۆنی نەمایشی "باتکلان" ٤٠ کەسی دیکەش لە هێرشەکانی دیکەدا کوژراون‌و تا ئێستا کۆی کوژراوەکان گەیشتۆتە ١٥٨ کەس. بە پێی هەواڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی فەرانسەش لانی‌کەم ١٥٨کەس لە خەڵکی سڤیل بە دەستی تیرۆریستان کوژراون‌و بە دەیان کەسیش بریندار بوون. فڕانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە لێدوانێکی تایبەت‌دا داوای لە خەڵک کرد کە بە هۆی خوڵقانی باردۆخێکی نالەبار لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرو ئەو باردۆخەی بە ڕۆژێکی ترسناک‌و هێرشێکی بێ وێنە ناوبردو هاوکاتیش داوای لە هەموو سنوور پارێزانی وڵاتی فەرانسە کرد کە سنوورەکان بە تەواوی ببەستن. ئەو لەگەڵ ئەوەش‌دا داوای لە خەڵکی فەرانسە کرد کە بە وشیاری‌یەوە لەگەڵ ئەو باردۆخە هەڵس‌وکەوت بکەن. فڕانسوا ئۆلاند لە بەشێک لە قسەکانی‌دا داوای لە هێزی ئەمنیەتی‌و ئارتەشی فەرانسە کرد کە بۆ پاراستنی خەڵک بە زووترین کات دەست بەکار بن.