کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیانی باران‌بارینەكانی ئەم دواییانە بۆسەر كەرتی جووتیاری كرماشان ٣٥ میلیارد تمەن بووه‌

04:39 - 26 خەزەڵوەر 2715

بەهۆی باران‌بارینیه‌کانی ئەم دواییانەو هەستانی لافاو، بەشی جووتیاریی پارێزگای كرماشان زیاتر لە ٣٥ میلیارد زیانی بەركەوتوە. خوسرەو شابازی، سەرۆكی ڕێكخراوی جیهادی جووتیاریی پارێزگای كرماشان وێڕای ئاماژە بەم بابه‌ته‌ كە بڕی ئەم زەرەر و زیانەی كە بەهۆی باران بارینی ئەم دواییانە بەر كەرتی جووتیاریی ئەم پارێزگایە كەوتووە زیاتر له‌ ٣٥ میلیارد تمەن مەزندە كراوە، گوتی كە، خەسارەته‌کان له‌ بەشی كشتوكاڵی پارێزگای كرماشان لە قۆناغی یەكەم‌دا بڕی ١١ میلیارد تمەن به‌راورد کراوه‌. شابازی وێڕای ئاماژە بەم مەسەلە كە بڕی زەرەرو زیان بۆ سەر باخەكانی ئەم پارێزگایەش ٣ میلیاردو ٢٠٠ میلیۆن تمەن ڕاگەیەندراوە، گوتی: بەشی ئاوی‌و ئاوه‌ڕۆی جوتیاریی ئەم پارێزگایەش ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی زیان بەركەوتووەو بڕی ئەم زەرەرو زیانەش كە بە خانوو و ته‌ئسیساتی كەرتی جووتیاری گەیوە تا ئاستی ٦ میلیارد و ٢٠٠ میلیۆن تمەن لێك دراوەتەوە. سەرۆكی ڕێكخراوی جیهادی جووتیاریی پارێزگای كرماشان ئه‌وه‌شی گوت که‌ زۆرترین زیانەكانی بەشی جووتیاری بەر شارەكانی ڕوانسەر، گیلانی ڕۆژاوا، قەسری شیرین، سەلاسی باوەجانی، كرماشان‌و سەرپێڵی زەهاو كەوتووە. ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی بەهۆی باران بارینه‌کانی ئەم دواییانە ٢٠٠ سەر مەڕ لە سەلاسی باوەجانی تێداچوون. سەرۆكی ڕێكخراوی جیهادی جووتیاریی پارێزگای كرماشان وەبیری هێنایەوە كە، باران بارینی لەخوڕ و هەستانی سێڵاو بڕی ٢ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن تمەنیشی زیان بە ڕێگەوبانی کۆچه‌رییه‌کانی ئەم پارێزگایە گەیاندووەو زۆرترین ڕێژەی ئەم خەسارەتەش له‌ ناوچە ده‌وارنشینه‌کانی شاری گیلانی ڕۆژاوا و بەشی باینگان بووه‌.