کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هه‌ک‌کرانی٥٥٠٠ حساب‌و ئه‌کاونتی ئینتێرنێتی گرووپی تیرۆرسیتی داعش

06:24 - 27 خەزەڵوەر 2715

لە یەکەم هێرش‌دا ٥٥٠٠ حساب‌و ئه‌کاونتی ئینتێرنێتی گرووپی تیرۆرسیتی داعش هه‌ک کرا. دوابەدوای هێرشەکانی ڕۆژی هەینی ڕابردووی گرووپی تێرۆریستی داعش، کە سەدان کەس خەڵکی سڤیل‌و بێتاوانی لە پاریس، پایتەختی فەرانسە کرد ئامانج، گرووپی هاکەری نێودەوڵەتیی " ئانینوموس" کە بە گەورەترین‌و بە هێزترین گرووپی هاککەر لە جیهان‌دا داده‌نرێ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی‌دا کە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب بڵاوی کردەوە، شەڕێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ داعش‌دا ڕاگەیاندو هەڕەشەی داخستنی هەموو ئاکاونت‌و حسابە ئینتێرنێتییەکانی حکومەتی ئیسلامی داعش‌یان لە سەر تۆڕی جیهانی ئینتێرنێت کردبوو. ئه‌و گرووپه‌ بۆ بەجێ گەیاندنی بەڵێنەکەیان، ڕۆژی سێشەممە، لە هێرشێکی بێ وێنە‌دا بۆ سەر ماڵپەڕ‌و ئاکاونتەکانی داعش، زیاتر لە ٥٥٠٠ حسابی ئینتێرنێتی، لاپەرەی فەیسبووک، تویتەر، یوتیوب‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی ئه‌و گڕووپه‌یان هاک کردو بە تەواوی دایان خستوون. ئەم هێرشە لە ماوەیەکی کەم‌دا کاریگەریی خۆی لە سەر چالاکییە ئینتێرنێتییەکانی ئەو تاقمە تێرۆریستییە پیشان داوە، بە شیوەیەکی کە لە کاردانەوەیەک‌ لە لایەن گرووپێکی دیکە سەر به‌ داعشەوە، هەرەشەی تۆلەسەندنەوە لە گرووپی هاککەری "ئانینوموس" کراوە. هاوکات بە دانی ڕێنوێنی بە ئەندام‌و لایانگرانی داعش، داوایان کردوە خۆیان لە بەرامبەر هێرشی ئەو گرووپە هاککەرە جیهانییە‌دا بپارێزن. هاوکات لەگەڵ ئەو هێڕشانەی گرووپی ئانینوموس، گرووپێکی هاککەری دیکە بە ناوی " سایبەرم دەنس ڕۆبین هوود" بۆ پاڵپشتی هیرشەکە بۆ سەر پێگە ئینتێرنێتییەکانی داعش، هێرشیان کردووەتە سەر سێرڤێری سەرەکی کۆمپانیایەکی ئەمریکایی بە ناوی " کلاودفلەیر" کە ئەرکی پارێزگارییە لە سێرڤێر و هێڵە ئینتێرنێتییە جیهانییەکان لە بەرامبەر هێرشە ڤیرووسی و هاککەرییەکان دا. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەوە جاری یەکەم نیە کە گرووپە هاککەرە بە ناوبانگە جیهانییەکان هیرش دەکەنە سەر پێگە ئینتێرنێتییەکانی گرووپی تێرۆریستی داعش. هاوینی ئەمسالیش، پاش هێرشی تاقمێکی دیکە لە تێرۆریستانی داعش بۆ سەر نووسینگەی ڕۆژنامەی چارلی هێبدوو، گرووپێکی دیکەی هاککەر هیرشی کرد سەر حسابە ئینتێرنێتییەکانی داع‌ و کۆمەڵێکی یەکجار زۆری هاک کرد.