کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای پارتی گەلی سوئێد لە وڵاتەکەی بۆ ناردنی زرێپۆش، نارنجەک‌هاوێژ و دۆشکە بۆ پێشمەرگە

15:42 - 28 خەزەڵوەر 2715

پارتی گەلی سوئێد دەیەوێ زرێپۆش، نارنجەک‌هاوێژ و دۆشکە بۆ پێشمەرگەی کورد بنێرێ. یان بیۆرک لوند، ڕێبەری پارتی گەلی سوئێد کە ئەو پێشنیارەی بە دەوڵەتی وڵاتەکەی داوە، دەڵێ داعش دەبێ تێک‌بشکێ‌و، ئێمە نامانەوێ لە دنیایەک‌دا بژین کە داعش خەلافەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا رابگەیەنێ. زرێپۆش، تۆپ و دۆشکە و قەناسە. ئەوانە ئەو چەکانەن پارتی گەلی سوئێد دەیەوێ بۆ پێشمەرگەی کوردیان بنێرێ کە دژی داعش شەڕ دەکەن. ئالان ویدمەن، وتەبێژی سیاسەتی بەرگریی سۆئێد دەڵێ: سوئێد چەکێکی زۆری هەیە کە دەبێ کەلکی لێ‌وەرگیرێ. تەنانەت ژمارەی راهێنەرە سەربازییەکانمان دەبێ پتر کەین. یان بیۆرک لوند، ڕێبەری پارتی گەلی سوئێدیش دەڵێ ، ئەوە بڕیارێکە کە دەبێ لە پارلمانی سوئێد بدرێ. داعش دەبێ تێک‌بشکێندرێ‌و، ئێمە رەتی دەکەینەوە کە لە دنیایەک‌دا بژین کە داعش ئیزنی دامەزرانی خەلافەت لە رۆژهەڵاتی ‌نێوەڕاستی هەبێ. ئەوە دەبێتە پێگەیەک بۆ تیرۆریستانی هەموو دنیا. پارتی گەلی سوئێد لە زووەوە داوای کردوە کە سوئێد هێزی نیزامی بنێرێتە سووریە. وتەبێژی سیاسەتی ئابووریی سۆئێد، ''ئێریک ئولێند هاگ'' لە وتووێژێک‌دا دەگەڵ رۆژنامەی ''سوێنسکا داگ بلادێت'' لە مانگی سپتامبڕدا ڕایگەیاند کە بیرۆکەیەکی ئاوا ڕەت ناکەنەوە، ئەویش لە کاتێک‌دا وڵاتانی دیکە ئەم کارە دەکەن. بۆیە بێتوو داوای وەها کارێکمان لێ‌بکرێ، ئێمە دەبێ حازر بین بیکەین.