کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باراک ئۆباما: داعش بە تەواوی لە ناودەبەین

15:27 - 2 سەرماوەز 2715

باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە وڵاتی مالێزی سوور بوونی وڵاتەکەی لە سەر لە نێوبردنی بن ئاژۆیی ئیسلامی دووپات کردەوە. ئەو گوتی ئەمریکا هەموو هەوڵەکانی بۆ لە نێوبردنی ڕێبەرانیان‌و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو تاقمە تێرۆریستییانە دەخاتە گەڕ. ئۆباما گوتی: لە ناویان دەبەین‌و، ئەو وڵاتانەی کە داگیریان کردوە لێیان دەستێنینەوە. ناوبرا لە درێژەی قسەکانی‌دا گوتی: ئەوان بەو هێرشانەیان جگە لە ترساندنی خەڵک‌و درووست‌کردنی نائارامی و پشێوی، ناتوانن زەبری قورس لە وڵاتانی فەڕانسە، ئەمریکا یان مالزی بدەن. ئێمە هاوکات لەگەڵ لێدان‌و لە نێوبردن‌و، گرتنی تێرۆریستان‌و؛ تەفروتوونا کردنی سەرچاوە داراییەکانی گرووپێکی وەک داعش‌؛و تەنانەت بەکارهێنانی هەموو ئەو چەک‌و کەرەستە سەربازییانەی کە لە بەر دەستمان‌دان لە دژی ئەوان، بەڵام گەورەترین کەرەستەی بەر دەستمان کە دەتوانین ئەوانی پێ تێکشکێنین ئەوەیە کە پێیان بڵێین ئێمە ناترسین. ئێمە سوورین لە سەر دژایەتی کردنی تێرۆرو ڕیشەکێش‌کردنی یەکجارەکی ئەوان. ئۆباما لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا بە ئاماژە بە بوونی ڕووسیە لە ناوچەکە و تێوەگلانی لە شەڕی سوریەو گرووپی تێرۆریستی داعش گوتی: داوا لە حکومەتی ڕووسیە دەکەم کە هێرشەکانی چڕ بکاتەوە لە سەر لە نێوبردنی داعش‌و هاوکات بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەو وڵاتە دا قاییل بێ، چونکی مانەوەی بەشار ئەسەد‌و حکومەتەکەی لە سەر دەسەڵات، بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ پیادەکردنی دێموکراسی‌و هێورکردنەوەی ناوچەکە بە گشتی.