کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەر کرانی چەند کەس لە کەسوکاری چالاکانی سیاسی بێ سەروشوێنکراو لە ئێران

15:32 - 2 سەرماوەز 2715

کۆمەڵێک لە دایک‌و باوکی ئەو گیراوە سیاسییەنەی کە ماوەی چەند ساڵە بێ سەروشوێنن، دوای کۆبوونەوەیان لە ڕۆژی شەممە ٣٠ خەزەڵوەر لە بەر دەرگای ئەو بەندیخانەی ئەوین، لە لایەن هیزە ئینزامییەکانی ڕژیمەوە دەسبەرە کران. محەمەد نوریزاد، لێکۆڵەری سیاسی کە لە کاتی گرتنی ئەو کەسانەدا لە بەر دەرگای بەندیخانەی ئەوین بووە، لە وتووێژێک دا لەگەڵ بەشی فارسی ڕادیۆی دویچەوێلە گوتی: ئەو دایک‌و باوکانە ماوەیەکی زۆرە کە هەموو ڕۆژانی شەممە، بۆ بە دواداچوون بۆ چارەنووسی منداڵ‌و هاوسەرەکانیان لەو جێیە کۆدەبنەوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ کە ئەو کۆمەلە خەڵکە دەستبەسەر کران هیچ دەنگدانەوەیەکی لە مێدیاکاندا نەبوو. ئەم شەممەیشە بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو، کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە هێزە ئینتزامییەکان و پۆلیس لەو جێیە کۆکرابوونەوە، بە شێوەیەک کە هەر کەسێک ٥٠ پۆلیسی بەردەکەوت. ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەی‌دا ئاماژەی بە بێڕێزی‌و عەزیەت‌و ئازاری هیزە بە ناو ئینتزامییەکانی ڕژیم لە بەرامبەر دایک‌و باوک‌و کەس و کاری ئەو زینداییانەدا کردو گوتی: هاشم زەیناڵی، باوکی سەعید زەیناڵی، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە لایەن هیزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستگیر کرا و تا ئیستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی نیە، لە زیندانی ئەوینەوە بۆ بەندیخانەی سپای پاسداران گوازراونەتەوە و چوار کەسی دیکەش، بۆ بەندیخانەی قرچەکی وەرامین ڕاگوێزراون. پێویست بە ئاماژەیە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی کە بە بزووتنەوەی خوێندکاری ناوی دەبرێ، کۆمەڵێک لە خوێندکار و مامۆستاکانی زانکۆی تاران لە لایەن هیزەکانی ڕژیمیەوە دەست بە سەر کران و لەو ڕۆژە بە دواوە هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەست دا نیە.