کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە: هەولێر ئامادەیە لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی ڕەققە لە چنگ داعش بەشدار بێ

04:50 - 3 سەرماوەز 2715

ژان ئیۆلۆردیان، وەزیری بەرگریی فەڕانسە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی رەققە لە سوریە دەربریوە. وەزیری دەرەوەی فەڕانسە گوتی: گرتنەوەی شەنگال‌و ڕزگارکردنی لە دەست تاقمی تێرۆریستی داعش، بە لە خۆبووردوویی بێ وێنەی پێشمەرگەو پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان هاتە دی‌و ئیتر لەمەودوا ئیزەدییەکان دەتوانن بێ خەم بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانێکی ئاسایی دەست پێبکەنەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی دا گوتی: من لە لایەن مەسعود بەرزانییەوە سەبارەت بە بەشداری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هێرش بۆ سەر ڕەققە دڵنیا کراومەتەوە، ئیتر ئەکەوێتە سەر ئێمە کە خۆمان بۆ شەڕی یەکلاکەرەوەو پاکردنەوەی هەموو شار‌و ناوچە داگیرکراوەکان لە گرووپە تێرۆریستییەکان ئامادە بکەین. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە لە هێرشێکی بەربڵاوو بێ وێنەدا بۆ سەر هیزەکانی داعش لە شاری شەنگال‌و ناوچەکانی دەورووبەری لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، نێو شاری شەنگال‌و هەموو گوندو ناوچەکانی دەورووبەری لە چەکدارانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بە تەواوی پاک کرایەوە‌و سەدان کەس لە هیزەکانی داعش کوژران و بریندا بوون‌و کۆمەڵێکیشیان بەدیل گیران.