کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێكی عەمەلیاتی وشكانیی ئامریكا لە سووریە

13:38 - 3 سەرماوەز 2715

كاربەدەستێكی پلەبەرزی ئامریكایی ڕایگەیاندووە كە بەم زووانە بە دەیان هێزی عەمەلیاتی تایبەت لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە دەچنە نێو خاكی سووریە. "برێت مەك گرێك"، نوێنەری تایبەتی سەركۆماری ئامریكا لە بەرەی جیهانیی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ داعش، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە پشتڕاستی كردەوە كە زۆر بە خێرایی ئەم هێزانە بەڕێی سووریە دەكرێن. بە قسەی ئەم كاربەدەستە ئامریكاییە، بڕیارە ئەم هێزە تایبەتانە لە باكووری سووریە ئەركی ڕێكخستنی ئەم هێزە ناوچەییانە وە ئەستۆ بگرن كە لە بەرەی شەڕ بەدژی داعش دان. لە كاتی پێكهاتنی بەرەی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش، ئەوە یەكەم جارە كە ئامریكا بڕیاری داوە هێزەكانی خۆی لە ناوچە شەڕلێدراوەكانی سووریە جێگیر بكا. "برێت مەك گرێك"، بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندووە كە هێزە ناوچەییەكان " دەست بە عەمەلیاتێكی یەكجار سەركەوتوو دەكەن كە ئامانج لەم عەمەلیاتە تەریك خستنەوەی پێتەختی داعش، واتە شاری ڕەقەیە." بە قسەی ئەم كاربەدەستە پلەبەرزی ئامریكا ئەم بەرە نوێ عەرەبی ـ كوردییە توانیویەتی لە ماوەی ٢ حەوتووی ڕابردوودا نزیكەی ١١٠٠ كیلیۆمیتری چوارگۆشە لە چنگی داعش ڕزگار بكا و لە ڕەوتی شەڕ و تێكهەڵچوونەكاندا نزیكەی ٣٠٠ چەكداری ئەم گرووپە لەنێو ببا. گرینگترین هاوپەیمانی ئامریكا لە باكووری سووریە هێزە كوردییەكانن كە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە پاڵپشتیی هێزی هەوایی ئامریكا بەرەو چەندین ناوچەی بەربڵاوی ژێر دەسەڵاتی داعش لە نزیك سنووری توركیە پێشڕەوییان كردووەو توانیویانە ئەم ناوچانە ڕزگار بكەن. شایانی باسە لە نوێترین ڕاپرسیی ڕێكخراوی "گالووپ" لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سەدی ٤٣ی هاووڵاتییانی ئامریكایی پشتیوانییان لە ناردنی هێزی وشكانیی وڵاتەكەیان بۆ سووریە و عێراق كردووە كە لە شەڕ بەدژی گرووپی داعشدا بەشداری بكەن.