کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی خواردنەوەی مەشرووب لە ئێران

13:41 - 3 سەرماوەز 2715

سەرەڕای حەرامبوون‌و، قەدەغەبوونی قانوونی‌و قاچاخبوونی مەشرووب لە ئێران، بەڵام خواردنەوەی هەر دێ‌و زیاد دەکا. عەلیڕەزا گوڵستانی، جێگری ستادی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخكردنی كاڵاو دراو ڕایگەیاند كە چەند كارخانەكانی بەرهەمهێنانی مەشرووب لە نزیك سنوورەكانی ئێران لەم دواییانەدا دەست بەکار بوون و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئەم مەشرووبانە لە هەموو شارەكانی ئێران بڵاودەكرێتەوە. وەزارەتی بێهداشت، دەرمان و فێركاریی پزیشكیش ڕایگەیاند كە ساڵانە ٤٢٠ میلیۆن لیتر مەشرووب لە ئێران دەخورێتەوە. هاوكات لەگەڵ هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٥٧، خواردنەوەی مەشرووب لە ئێران قەدەغە كراو سزاە قورسی وەك لێدانی قامچی، سزای ماڵی و زیندان بۆ كڕی و فرۆشتنی ئەم خواردنەوانە وەبەر چاو گیراوە. بەڵام بەم حاڵەش ئاستی بە كارهێنانی خواردنەوە ئەڵكۆڵییەكان لە ئێران دانەبەزیوە. سەعید سفاتیان، سەرۆكی كارگرووپی كەمكردنەوەی ئاستی ئیعتیاد لە كۆمیتەی سەربەخۆی بەربەرەكانیی لەگەڵ ماددەی هۆشبەری لێكدانەوەی بەرژەوەندییەكانی نیزام دەڵێ، كەسێكی گیرۆدە بوو بە ئڵكۆڵ لە ئێران ساڵانە ٢٥ لیتر مەشرووب دەخواتەوە، لە حاڵێكدا كە ئاستی سەرانەی دواردنەوەی مەشڕووب لە ساڵدا، لە نێو مەشڕووب خۆرەكانی "ڕووسیە و بێلاڕووس" نزیكەی ٢١ لیترە. بە قسەی ناوبراو، ئەگەر لە ئورووپا ئەڵكۆڵ بە خەستایی لە سەدی ٧، سەدی٥ یان سەدی ١٠ بەكار بێنن، ئەوا لە ئێران، خواردنەوەی مەشرووب لە خواردنەوە خۆماڵییەكانەوە بە خەستایی سەدی ٣٠ و لە سەدا ٤٥ دەست پێ دەكا كە ئەوەش یەكجار مەترسیدارە. لە لایەكی دیكەشەوە لە حاڵێك‌دا كە لە وڵاتانی ئورووپایی فرۆشتنی مەشرووب بۆ مێرمنداڵانی ژێر ١٨ ساڵ و خواردنەوەی لە لایەن ئەوانەوە قەدەغەیەو ئەم كەسانەی كە لەو قانوونە لابدەن لەگەڵ سزای قورس بەرەوڕوو دەبنەوە، بەڵام لە ئێران كەسانی ١٧ تا ٣٥ ساڵ مشتەریی سەرەکیی خواردنەوە ئەڵكۆڵییەكانن.