کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین: نیازی خامنەیی هەڵایساندنی ئاگری فیتنەو گرژی له‌ ناوچەیە

04:29 - 9 سەرماوەز 2715

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین وێڕای بانگ‌كردنی نوێنەری ئێران لە وڵاتەكەی، ناڕەزایەتیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ نوێترین قسەكانی خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی دەربڕیوەو گوتوویەتی مەبەستی خامنەیی لەم قسانە خۆش‌كردنی ئاگری گرژی‌و ئاڵۆزی لە ناوچەکه‌یە . وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین تارانی بەوە تاوانبار كردووە كە به‌رده‌وام خۆی لە كاروباری نێوخۆیی بەحرەین هەڵدەقورتێنێ. وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، حەمید شەفیعزادە باڵوێزی ئێران لە مەنامەی بانگ كردوەو سه‌باره‌ت به‌ دەستێوەرانی ڕاشكاوانەی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی بەحرەین ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە. ناڕەزایەتیی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لەم بابەتەوە لە كاتێك‌دا هاتۆتە ئاراوە كە عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەز لە ڕەوتی دیدارێك‌دا لەگەڵ فەرماندەكانی بەسیج، هەیئەتی دەسەڵاتداری سوننی مەزهەبی بەحرەینی بەوە تاونبار كرد كە وەك "كەمینەیەكی زاڵمی خاوەن هێز"، خەریكی فشارهێنان‌و سووكایەتی كردن بە خەڵكی بەحرەین‌و شكاندنی ئەوانن. عەبدوڵڵا عەبدوللەتیف عەبدوڵڵا، جێگری وەزیری دەرەوەی بەحرەین، لە كاردانەوە بەم قسانەی خامنەیی، گوتی: قسەكانی عەلی خامنەیی "پڕن لە ورووژاندنێكی ڕاشكاوانەو زۆر بە ڕوونی ده‌ری دەخه‌ن كە مەبەستی ناوبراو لەم قسانە پەرەپێدانی كێشەكان‌و هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕو ناخۆشی لە ناوچه‌که‌یه‌. تا ئێستا وڵاتی بەحرەین چەندین جار ڕێژیمی ئێرانی بە دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە تاوانبار كردوە، هەر لەم پێوەندییەدا مانگی ڕابردووش بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە قسەكانی خامنەیی، دەوڵەتی بەحرەین باڵوێزی خۆی لە تاران بانگ كردەوە و باڵوێزی ئێرانیشی لەم وڵاتە دەركرد.