جێگری یەكەمی سەركۆمار وێڕای هێنانهوه بهرباسی چهوتیی بهرنامهی ئابووریی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد، دهڵێ كە ئێران هەلی زێڕینی زۆرو زەوەندی داهاتەكانی نەوتی لە دەست داو ئەم پرسیارە هەروا لە جێی خۆی ماوەتەوە كە ٩٥٠ میلیارد دۆلاری داهاتی نەوتی ئێران لە چیدا خهرج کراوهو چارەنووسی چی بەسەر هات.
ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەكەمی سەركۆماری ئێران لە دیدار لەگەڵ كۆمەڵێك له نوێنەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات، وێڕای ئاماژە بە هەلومەرجی ئێستای ئابووریی ئێران گوتی، لەم كاتەدا بۆ چارەسەریی گیروگرفتەكانی وەك بێكاری، به تایبهت بێلاریی لاوانی دهرچووی زانکۆ وڵات پێویستیی بە گەشەی ئابووریی سەدی٦هەیە.
جیهانگیری هەروەها دەڵێ بۆ چارەسەریی ئەم گیرو گرفتانەی ئەمڕۆی ئێران دەبێ گەشە بە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بدرێ. لە لایەكی دیكەوە گوتی سیستمی ئیداریی ئێران لێهاتوویی پێویستی بۆ گەشەی وڵات نییە.
جێگری یەكەمی حەسەن ڕۆحانی وێڕای پێداگریی لەسەر پێویستیی ڕاكێشانی سەرمایەگوزارانی بیانی بۆ جێبەجێكردنی گەڵاڵەو پڕۆژەكان لە بەشەكانی جیاجیا وەبیری هێنایەوە كە تەنیا لە كەرتی نەوت زیاتر لە ٢٠٠ میلیارد دۆلار گەڵاڵە لە بواری نەوت و گاز بۆ سهرمایهدانان ئامادهیهو لە بوارەكانی دیكەی وەك شارسازی و پیشەسازیش كۆمەڵێك گەڵاڵەی دیكە هەیە كە بۆ جێبەجێكردنیان پێویستیی بە ڕاكێشانی سەرمایەدانهری بیانی هەیە.