کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووتین: توركیە بۆ پاراستنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی داعش تەقەی لە فڕۆكەكانی ئێمە كرد

05:32 - 11 سەرماوەز 2715

سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە حەوتوویەك لە بەردرانەوەی فڕۆكەی شەڕكەری ڕووسیە لە لایەن توركیەوە، بەڵام تادێ گرژی‌و ئاڵۆزیی نێوان ئەم دوو وڵاتە چڕتر دەبێتەوە. لە ڕەوتی كۆنفرانسی كەش‌و هەوا لە پاریس، وێلادیمێر پووتین، سەركۆماری ڕووسیە، كاربەدەستانی توركیەی بە وەدەست هێنانی بەرژەوەندیی ماڵی لە نەوتی هەڵێنجراوی داعش تاونبار كرد. سەركۆماری ڕووسیە لەم بارەوە گوتی: ئێمە بەڵگەمان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ كە دەیسەلمێنێ توركیە بۆ پاراستنی ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی داعش بۆ خاكی ئەم وڵاتە، فڕۆكەی ئێمەی بەرداوەتەوە. ئەم ئیدیعایەی سەركۆماری ڕووسیە لە لایەن كاربەدەستانی توركیەوە ڕەد كراوەتەوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیەش كە بۆ بەشداری كردن لە كۆنفرانسی كەش‌و هەوا لە پاریس بوو، لەم بارەوە گوتی: ئێوە بەم بوختانانەی كە پێمان دەكەن بە هیچ كوێ ناگەن. بێتوو ئێوە بتوانن ئەم ئیدیعایەتان بسه‌لمێنن ئەوا من دەست لە كار دەكێشمەوە، بەڵام لێرەدا پرسیاری من لە پووتین ئەوەیە كە ئەگەر نەیتوانی ئەوە بسەلمێنێ كە توركیە نەوت لە داعش دەكڕێ، ئەویش ئامادە دەبێ واز لە پۆستەكەی بێنێ؟ ڕووسیە لە یەكەم كاردانەوەدا لە بابەت بەردانەوە فڕۆكەیه‌کی وڵاتەكەی، ناردنی میوە‌و سەوزەكانی بۆ توركیە كەم كردۆتەوەو رێگه‌ی له‌ هاروده‌ی کاڵا له‌ تورکیه‌ڕا گرتوه‌و؛ ڕایگەیاندووە گەمارۆی ئابووریی دیكەش به‌سه‌ر توكیەدا ده‌سه‌پێنێ.