بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی وڵاتانی فرۆشیاری نەوت ئۆپێک، وێرای پیداگری لە سەر زیاد کردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی لە دوای هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان، خوازیاری کەمکردنەوەی ڕۆژانه یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بۆشکه لە ئاستی بەرهەمی وڵاتانی دیکەی ئەندام لەو ڕێکخراوەیەدا بوو.
زەنگەنە لە نامەیەک دا کە بۆ عەبدووڵا سالم ئەلبەدری، سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆپێکی ناردوە، باسی زیاد کردنی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی وڵاتەکەیو هەناردە کردنی بۆ بازاڕە جیهانییەکان بە ڕێژەی ١ میلیۆن بۆشکه لە ڕۆژێکدا کردووە. بە پێی ئەو داواکارییەی وەزیری نەوتی ئێران، ولاتەکەی لە دوای هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان لە سەری دەرهێنانی نەوت دەگێڕێتەوە سەر ئەو ئاستەی کە پێش سەپاندنی سزاکان، بەڵام ڕێکخراوی ئۆپێک وا چاوەڕوانە کە ئێران لە نیوەی دووهەمی ساڵانەی ٢٠١٦ی زایینی دا لە نێوان ٤٠٠ تا ٦٠٠ هەزار بۆشکه لە ڕۆژێکدا بەرهەمەکەی بەرێتە سەر. داوای وەزیری نەوتی ئێران لە ڕێکخراوی ئۆپێک بۆ کەمکردنی ئاستی بەرهەمی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە لە کاتێکدایە کە خۆی خوازیاری بردنە سەری ئاستی بەرهەمەکانیەتی.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە ئێستا دا ڕووسیە ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی گەیاندووەتە ئاستێکی یەکجار بەرز و هاوکات ڕێژەی بەرهەمهێنانی لە جیهاندا زۆر لە داواکاری زیاترە، هەربۆیە نرخی ئەو کاڵا گران بەهایە زۆر دابەزیوەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش بەرەو دابەزینی زیاتر دەچێ.