کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریكاو ڕووسیە لە هەوڵی پەسندكرانی بڕیارنامەیەكی دیكە بە دژی داعشن

03:52 - 12 سەرماوەز 2715

ئامریكاو ڕووسیە له‌ ئێستادا لە هەوڵی ئاماده‌کردنی ڕه‌شنووسی بڕیارنامەیەك لە شورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دان تا سەرچاوەی ماڵی‌و داراییی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش وشك بكەن. كارناسانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ده‌ڵێن داعش له‌ ڕۆژدا ٨٥٠ هەزار تا ١ میلیۆن بۆشكە نه‌وت ده‌فرۆشێ‌. سامانتا پاوێر، باڵوێزی ئامریكا لە شورای ئەمنیەت بە هه‌واڵنێرانی ڕاگه‌یاند كە پێویستە بڕیارنامەی نوێی شورای ئەمنیەت ڕێ‌و شوێنی تایبەت بۆ دانانی كاریگەریی زیاتر لەسەر گەمارۆ ماڵییەكانی دژی داعش دابنێ. لە حاڵێكدا كە دوایین بڕیارنامەی شورای ئەمنیەت دژی داعش لە مانگی فێوریەی ڕابردوو پەسند كرا، ئامریكا كە سەرۆكایەتیی شورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی لە مانگی دێسامبری لە ئەستۆیە، هیوای خواستوه‌ بڕیارنامەی نوێی دژی داعش لە ڕۆژی ١٧ دێسامبردا پەسند بكرێ.