کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە بەڵگەکانی لەسەر تورکیە سەبارەت بە کڕینی نەوت لە داعش خستەڕوو

15:21 - 12 سەرماوەز 2715

ڕووسیە کۆمەڵێـک زانیاری بە وێنەو ڤیدیۆ خستووەتە ڕوو، دەڵێ ئەمانە دەیسەلمێنن کە تورکیە یەکەم کڕیاری نەوتی داعشە. هەروەها داوای لە ئانکارا کرد ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدا سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە کاری بە قاچاخبردنی نەوتەکەی لێدەکرێ. ژمارەیەک لە کاربەدەسـتانی بەرزی نیزامیی ڕووسیە ئێوارەی چوارشەممە لە پرێس‌کۆنفڕانسێک‌دا بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠٠ ڕۆژنامەنووس ئەو بەڵگانەیان ئاشکراکرد. ئاناتۆلی ئانتۆنۆڤ، جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیە کە بەشداریی لەو پرێس‌کۆنفڕانسەدا کردبوو، گوتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و دارودەسـتەکەی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاستەوخۆ دەستیان لە بە قاچاخبردنی ئەو نەوتەی داعش هەیە. ڕووسیە دەڵێ داعش ٨٥٠٠ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری تانکەر بەکاردەهێنێ بۆ بە قاچاخبردنی نزیکەی ٢٠٠ هەزار بۆشکە نەوت لە ڕۆژێـک‌داو بەشێـک لەو نەوتە هەناردەی دەرەوە دەکرێ. جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیە دەڵێ بەر لەوەی ڕووسیە دەست بکا بە بۆردومانەکانی لە سووریە، داعش بەم فرۆشتنی نەوت ڕۆژانە ٣ میلیۆن دۆلار داهاتی بووە، بەڵام لە ئیستادا داهاتەکەی نیوە بووە. ڕووسیە دەڵێ لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا نیزیکەی ٢ هەزار تێرۆرست لە تورکیەوە چوونەتە سووریەو پەیوەندیـیان بە داعش و بەرەی نوسرە کردوە. هەروەها نزیکەی ١٢٠ تۆن تەقەمەنی‌و ٢٥٠ ماشێن لە تورکیەوە بۆ سووریە بەڕێ‌کراون. ڕووسیە داوای لە ئانکارا کردوە کە ئەگەر حاشا لەوە دەکا، با ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدا سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە کاری بە قاچاخبردنی نەوتەکەی لێدەکرێ.