کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردن و کۆتایی سیاسەتی چاوەروانی

06:05 - 29 رێبەندان 2715

هەڵبژاردنی پارڵمانی و خوبڕه‌گانی ئێران کەمتر لە مانگێکی ماوە و فەزای سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمجارە بەپێچەوانەی ڕابردوو نەک بەسەر سیاسەتی بایکۆت و دەنگدان، بەڵکوو بەسەر سیاسەتی چالاکبوون و بایکۆت کردن‌دا دابەش بووە. سیاسەتی بایکۆت‌کردن، کارێکی ئاسانە چونکە دەکرێ چەند خاڵی نادێموکراتیک لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ریز بکرێ و دواتر هەر چەشنە هەڵبژاردنێک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێژیمەدا بە شانۆ و بێ سوود لەقەڵەم بدرێ. واتە حیزبێک دەکرێ پێش لەوەی شووڕای نیگابان کاندیدەکان رەت بکاتەوە و لیستی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی پارڵمان دیار بێ، قانوونی بنەڕەتیی ئێران لە پێش چاوی خۆی دابنێ و بایکۆتی هەڵبژاردن بکا. بەڵام کەڵک‌وەرگرتن لە فەزای هەڵبژاردن بۆ چالاکترکردنی کوردستان، کارێکی دژوارە و پێویستیی بە بەدواداچوونی بەردەوام و ورد لە هەر حەوزەیەکی هەڵبژاردن‌دا هەیە. لەگەڵ هەموو ئەو رەت‌کردنەوە بەربڵاوەی کە شووڕای نیگابان کردوویەتی، بە شیوەی نێونجی بۆ هەر کورسی‌یەکی پارلمانی ئیران، ١٥ کاندید هەیە. بۆ نموونە لە کرماشان ١٥ کەس کاندید و لە مەهاباد ١٦ کاندید هەن. هەبوونی زانیاری لەسەر هەر یەک لەو کاندیدایانە و دانی بەرچاوڕوونی بە دەنگدەری رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەک کارێکی دژوارە بەڵام لە لایەکی دیکە دروستترین کارە. حیزبێکی بەرپرسیار لەبەرامبەر خەڵکدا، ئەرکی ئەوەیە کە هەر هەوڵێک بدا بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە خەڵک بکا. کاندیدەکانی هەر حەوزەیەک توانایی و دنیابینیی جیاوازیان هەیە و ئەرکی حیزبێک ئەوەیە بە زانیاری و بەڵگە، روشنگەری لەسەر هەر یەک لەو کاندیدایانە بدا. ڕەخنەیەکی دیکە کە لەو کەسانە دەگیرێ کە باس لە چالاکبوون لە فەزای هەڵبژاردندا دەکەن ئەوەیە کە دەیانەوێ رۆژهەڵات بکەن بە باکوور یان سیاسەتی بەباکوورکردنی رۆژهەڵات رەچاو دەکەن. ئەگەر مەبەست لە "بە باکوورکردنی رۆژهەڵات" ئەوەیە کە خەڵکی رۆژهەڵات لە شەقام ئامادە بێ و خەباتی جەماوەری و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتینتر بێ، ئەوە شتێکی باش و دروستە. فێربوون لە ئەزموونی خەباتی نەتەوە و گرووپی دیکە نە شەرمە و نە تاوان. بەڵکوو کارێکی پێویستە. هەروەها کورد زۆربەی چەمک و پێناسە سیاسی‌یەکانی وەک حیزب، دێموکراسی و سۆسیالیزم لە نەتەوەکانی دیکە وەرگرتوون. کەوایە فێربوون لە خەباتی نەتەوە و گرووپی دیکە پێویستە وه‌ک کارێکی ئاسایی و تەنانەت وەک بەشێک لە بەرۆژکردنەوەی سیاسی لەقەڵەم بدرێ. دیارە هەوڵدان بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە هەڵبژارن بۆ چالاکترکردنی فەزای سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بە پێی تایبەتمەندی‌یەکانی ئەو پارچەیە بێ. ئەگەر لە کوردستانی باکوور، کوردەکان پاش ساڵانێک خەباتی جەماوەری و پارلمانی توانیان بەربەستی ١٠% تێ‌پەرێنن، لە کوردستانی رۆژهەڵاتیش دەبێ بە رەت‌کردنەوەی بەشێک لە چالاکانی ناسروا، بە پشوودرێژی، بەرنامە و بوێریی سیاسی، دەنگی مافخوازیی کورد لە شەقامەکانی رۆژهەڵات و پارلمانی ئێران بەرز بکرێتەوە. لە چالاکترکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی جۆراوجۆر وەک هەڵبژاردن نابێ ڕاوەستین بەڵام هاوکات ده‌بێ تایبەتمەندی‌یەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش لەبەرچاو بگرین. بەشێک لە لایەنگرانی بایکۆتی هەڵبژاردن باس لە ئیعدامەکان دەکەن و دەڵێن خەڵکی کوردستان نابێ لە ژێر دەسەلاتی رێژیمێک کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگرێ، بەشداری هەڵبژاردن بن. پشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه‌ مەحکوومە بەڵام ئاخۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستانی باشتر کردوه‌؟ ئاخۆ بە سیاسەتی بایکۆت‌و دوورەپەرێزی رەوشی مافی مرۆڤ و ژیانی خەڵک لە ئێران باشتر دەبێ؟ ساڵانێک سیاسەتی بایکۆت‌کردنی رێژیم هیچ قازانجێکی بە باشترکردنی رەوشی مافی مرۆڤ نەگەیاندوە و دەنگدەر دەبێ رەچاوکردنی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانان وەک بەشێک لە ئەرکی نوێنەرانی پارلمان چاو لێ‌بکا. کەمپەینێک بە هەوڵی کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە سنە و بە ناوی کەمپه‌ینی داخوازەکانی کوردستان دەستی پێ‌کردوە و کۆمەلێک داخوازیی ڕووبەرووی پارلمانتارانی کورد کردۆتەوە. ئەو کەمپەینە پێویستە رەهەندی مەیدانیی بەرفراوانتر بەخۆیەوە بگرێ و لە هەر حەوزەیەک کۆمەڵێک داخوازی دیاریکراو ڕووبەرووی کاندیدەکان بکرێتەوە و ئەرکدار بکرێن. بەرنامەی هەر کاندیدایه‌ک دەبێ دیار بێ و رێکخراوەکانی مەدەنی و خەڵک بەردەوام لێپرسینەوە لە پارلمانتارانی کورد بکەن بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان دەرهەق بە خەڵک بەرێوە بەرن. بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری کە زۆرتر باسی گەورەی سیاسی وەک پێوەندی لەگەڵ رۆژئاوا و باسی رێفورمخوازی و ئوسوولگەرایی دێتە ئاراوە،هەڵبژاردنی پارلمانی ئێران تایبەتمەندیی لۆکاڵیی هەیە و تایبەتمەندیی تاکەکەسیی هەر کاندیدێک رۆلی گرینگ دەبینێ. واتە دەکرێ کاندیدێک لە شارێک دەنگ بێنێتەوە بە بێ ئەوەی سەر بە رەوتێکی سیاسیی تایبەت بێ و خەڵک تەنیا بە تایبەتمەندیی شەخسی و بەرنامەکانی ئەو دەنگ بدەن. لە شارەکانی کوردستان و بۆ هەڵبژاردنی پارلمانی، خەڵک کەمتر بە پێی رەوتێکی سیاسی-فیکری وەک بەرەی یەکگرتووی کورد یان رێفوڕمخوازی دەنگ دەدەن و ئەوەش هۆکارەکەی بۆ لاوازبوونی کاری سیاسی لە ئێران دەگەرێتەوە. لە بارودۆخێکی لەو چەشنەدا، حیزبێکی بەپرسیار پێویستە پڕوپاگەندەی چەواشەکارانەی بەشێک لە کاندیداکان پووچەڵ بکاتەوە و ڕاگەیاندنەکەی لەسەر کاندیداکانی هەر حەوزەیەک ببێتە سەرچاوەی زانیاری‌بەخشین بە خەڵک. تێبینی: زانیاری‌یەکانی تایبەت بە حەوزەی بۆکان و کرماشان لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەرگیراون. لە ژماره‌ ٦٧٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌