کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی شازدەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بۆ بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان.

23:38 - 5 رەشەمه 2715

بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدان لە تریبۆنی کۆنگرەی شازدەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە سڵاوتان بۆ دەنێرین و سەری ڕێز بۆ خۆتان و گیانی پاکی ڕۆڵەکانتان دادەنەوێنین، ئەو ڕۆڵانەی لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای نەتەوە ستەملێکراوەکەمان دا چاوپۆشییان لە ژیان و ماڵ و گیانی خۆیان کرد و خوێنی خۆیان کردە مەشخەڵێک، کە تا گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتن، بەرچاوی ڕێبوارانی ڕێگای خەباتی ڕزگاریخوازانەمان ڕوون دەکاتەوە. سڵاو بۆ ئێوە کە ئەو تێکۆشەرە ئەمەگناسانەتان پێ‌گەیاندن، بە گیانی نیشتمانویستی و ئازادیخوازی ڕاتانهێنان، ئەوینی نیشتمان و خزمەت بە خەڵک و کۆمەڵتان کردە هەوێنی بیر و مەبەستیان و سەرەنجام بە دەست و دڵاواڵەییەوە پێشکەشی بارەگای ئازادیی نیشتمان ونەتەوەتان کردن. خوێنی ئەو شەهیدانە لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی کورد و کوردستانی نەخشاندوە و بێ‌گومان فیداکاری و لەخۆبووردوویی ئەوان بۆ ئێمە دەبێتە سەرمەشق و هاندەر لە درێژەدانی ڕێگا پیرۆزەکەمان دا. بەندییەسیاسییە قارەمانەکان! بەربەرەکانیی قارەمانانەی ئێوە لە بەندیخانە و ئەشکەنجەگاکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا بەشێکی سەرەکی و گرینگە لە مێژوی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێو بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئێران و جیهان دا دەنگی داوەتەوە و بۆتە ئیلهام‌بەخش و ورەدەر بۆ کادر و پێشمەرگەکانی حزبی ئێمە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کورستان و هەموو ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران. ئێوە لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیم دا، بە تاوانی هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی ئامانجێکی پیرۆز و مافێکی ڕەوا، ڕەنجتان کێشاوە و بەرەوڕووی دڕندانەترین ئەشکەنجە و ئازاری جیسمی و ڕووحی بوونەوە، ئامانجێک کە گەلەگەتان لەمێژە خەباتی بۆ دەکا و قوربانیی لەپێناودا دەدا. هەر لەو ڕیگایەش دا کەس و کار و بنەماڵەکانی ئێوەش تووشی گەلێک ناڕەحەتی و کوێرەوەری هاتوون. بەو حاڵەش بە چۆک دا نەهاتوون، سەرتان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردوە و نیشانتان داوە کە ڕاونان، زیندان، ئەشکەنجە و تەنانەت کوشتن و لە سێدارەدانیش ناتوانێ پێش بە خەباتی ڕەوای ڕۆڵەکانمان بۆ بەرگری لە مافەکانی خۆی بگرێ. دڵنیابن خەڵکی کوردستان و مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد بایەخ و جێگەی تایبەت بۆ خۆڕاگری، لەخۆبووردوویی و رەنج و خەباتی ئێوە دادەنێ و ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرسی تێکۆشان و فیداکاریتان لێ‌فێر دەبن. ئێمە ئەندامانی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان جارێکی دیکەش ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریتان دەگرین و دڵنیاتان دەکەینەوە رەنج و ماندووبوون و هەوڵدانی ئێوە لە ڕێگای ڕزگاری دا بە فیڕۆ ناچێ و ئێمە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، تا وەدیهێنانی ئامانجی هەموومان، واتە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەدەین. کۆنگره‌ی شازده‌یه‌می حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕێبه‌ندانی ١٣٩٤ (فێوریه‌ی ٢٠١٦)