کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی ١٦ حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هێزو لایەنە ئێرانییەکان

23:47 - 5 رەشەمه 2715

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران! حیزب و رێکخراوە ئێرانییەکان! چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران! حیزبی دێموکراتی کوردستان شازدەیەمین کۆنگرەی خۆی لە حاڵێک‌دا بەرێوەبرد کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و ئێران بە تایبەتی لە بوارە سیاسییەکان‌دا لە بەرەبەری ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانی بنەڕەتی‌دان. سەرهەڵدان و هێژمۆنی‌خوازیی هێزە بناژۆخوازەکان، لە لایەک هەڕەشە لە ئەمنییەت و داهاتووی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکە دەکا و، لە لایەکی دیکەوە هەوڵ و خەباتی هەموو ئازادیخوازان و دێموکراسیخوازانی بەرەوڕووی تەنگژە و بەرپرسیارێتییەکی مەترسیدار کردۆتەوە. پێویستە بایەخدان و هەوڵی چارەسەریی ئەو مەسەلانەی لەمێژساڵە بەرۆکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و ئێران و دراوسێ رۆژئاواییەکانی بە تایبەت گرتوە بکەوێتە بەرنامەی کاری حیزب و رێکخراوە ئێرانییەکانەوە. هەروەک ئاگادارن مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک یەکێک لە مەسەلە بەرباس و چارەسەر نەکراوەکانی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکە، بۆ جارێکی دیکە بۆتەوە بابەتی رۆژ. ئەمڕۆ هەموو جیهان شاهیدن کە نەتەوەی کورد وەک دینامیزمی خەبات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بۆتە ئامانجی بناژۆخوازی، لە پێناو دەستەبەرکردنی ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی لە سووریە و عێراق بووە بە مەتەرێزی خۆڕاگری دژی ئەم مەترسییە روو لە زیادبوونە. ئێمە پێمانوایە کە پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی کوردەکان لە ناوچەکە بووە بە بەشێکی جیانەبۆوەی خەبات بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، ئەمنییەت و خۆشبژیوی، ئازادی و دێموکراسی لە ناوچەکە. حیزب و رێکخراوە ئێرانییەکان! چالاکانی سیاسی و مەدەنی! ئەندامانی کۆنگرەی ١٦یەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن کە پێویستە هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە وردی سەرنج بدەنە رەوتی ئاڵوگۆڕ و تێکەڵاوییە سیاسییەکانی ناوچە و ئێران و، بە پێداچوونەوە بە روانینی خۆیان بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی، یارمەتیی چارەسەرکردنی بدەن. بە وتەیەکی دیکە پەرەی سیاسی و دێموکراتیزاسیۆنی ئێران پێویستیی بە روانگەیەکی نوێیە بۆ مەسەلەی نەتەوەکان بە گشتی و مەسەلەی کورد بە تایبەتی. حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازی لە هەوڵ و هیممەتی کردەییانە و روونی ئێوە لەم پێناوەدا دەکا. هاو نیشتمانیانی بەڕێز! ئێمە لەو باوەڕەداین کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆسپێکی جیددییە لەسەر رێگەی پرۆسەی ئازادکردن و دێموکراتیزاسیۆنی ئێران و لەسەر ئەم بنەمایە پێویستیمان بە وتووێژ و کاری مەیدانیی هاوبەش هەیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرنگە. کوردەکانی ئێران بە مێژوویەکی خەباتی پڕ هەوراز و نشێوەوە، ئەزموونی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان حەفتا ساڵ پێش ئێستا، خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ رێژیمەکانی زاڵ بەسەر ئێران‌دا، وتووێژ و دانوسان وەک میکانیزمەکانی خەبات و دیپلۆماسی و هتدیان لە کارنامەی خەباتی خۆیاندا تۆمار کردوە. ئەندامانی کۆنگرەی ١٦یەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ ئێستا و داهاتووی ئێران و چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی، وەک کۆنگرەکانی پێشوو پێیان لەسەر چارەسەریی مەسەلەی نەتەوایەتی، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، سێکۆلاریزم، دێمۆکراسی، یەکسانی، ئازادی و دیالۆگی دێموکراتیک داگرتەوە و، هەموو هاونیشتمانیان و ئازادیخوازانی ئێرانی لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە بۆ هاوپێوەندیی کردەییانە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و خەباتی هاوبەش لەسەر بنەمای بەهاکانی سەرەوە بانگێشت دەکەن. شایانی باسە کە ئەندامانی کۆنگرە رێبەریی هەڵبژێراویان ئەرکدار کردوە کە بەدواداچوون بۆ رەوتی وتووێژەکان لە پێوەندی لەگەڵ باسەکانی سەرەوەدا بکەن. بە هیوای هاوکاری و هاوپێوەندیی زیاتری هێزە ئازادیخوازە ئێرانییەکان و یەکیەتیی کردەوە لە خەباتی هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئازادی. بە هیوای گەیشتن بە یەکیەتی و یەکڕیزی بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی ئازاد و فێدراڵ. کۆنگره‌ی شازده‌یه‌می حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕێبه‌ندانی ١٣٩٤ (فێوریه‌ی ٢٠١٦)