کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەراوەژوو!

01:52 - 21 رەشەمه 2715

مەسەلێکی چینی دەڵێ: کاتێ شتێک بەراوەژوو نیشان دەدەی، واتە درۆ دەکەی! ئەمە تایبەتمەندیی سەرەکیی حوکمڕانانی وڵاتانی دواکەوتوو و دیکتاتۆری‌یە کە بۆ شاردنەوەی کەموکوڕی‌یەکانی وڵات ڕاستی‌یەکانی نێوخۆی وڵات بەپێچەوانە نیشان دەدەن، ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتداری لەسەرەتای حوکمڕانیی مرۆڤەوە تا ئێستا وەک شێوەیەک لە دەسەڵاتی ئیستیبدادی له‌ئارادا بووە. ماوەیەکە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئایدیۆمی «نفووز»ی کردۆتە بنێشتەخۆشکە و دەست‌وپەیوەندەکان و میدیاکانی بەردەوام دەیجوونەوە. دیارە ئەمە سیاسەتی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی دوکترینی ڕێبەری ئەم وڵاتەیە و بەردەوام بەڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتە هۆشداری دەداتە نێوخۆ و هه‌رلەو کاته‌ش‌دا چەشنه‌ هەڕەشەیه‌کیشە. لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا، ستراتیژیی سەرەکیی ئەم وڵاتە بۆ نێوخۆ و دەرەوە لەسەر بنەمای بەراوەژوونیشاندانی واقعییەتەکانی کۆمەڵگه‌‌ لەسەرجەم بوارەکان‌دا بووە و بەجۆرێک حەولی داوە سیمای ڕاستەقینەی خۆی بشارێتەوە و بەپێچەوانەی حەقیقەتەکان خۆی بنوێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر بنەمایەکی پاڕانۆیدی بۆ شاردنەوەی ڕاستی‌یەکان و بە لاڕێدابردنیان،لە زۆر تاکتیکی سەیروسەمەرە کەلکی وەرگرتوە و بۆ وێنە ئەم وشه‌و دەستەواژانە بەردەوام لە گوتاری سیاسیی ئەم حکوومەتەدا بەدی دەکرێن: پیلان، دوژمن، تەماع، سیخوڕی، نفووز، خەیانەت، هەڕەشەی دەرەکی، دەستی پشت پەردە و...ئەم پاڕانۆیدەش دواجار بۆتە هۆی ئەوە کە بە یەکجاری بەر بە پلۆرالیسمی سیاسی لەم وڵاتەدا بگیرێ. *** دیارە زۆر ناوەندی باوەڕپێکراوی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوە هەن کە بەردەوام لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا خەریکی پلەبەندیی وڵاتانی جیهانن ، با چەند نموونەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‌دا بخەینە بەرباس با بزانین سیمای ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە بە پێچەوانەی ئیددیعاکانی خۆی چۆنە: - پلەی ئازادی میدیایی: ١٧٣ (Reporters Without Borders ساڵی ٢٠١٥)، پلەی سانسۆر: ٧ واتە لە ڕیزی یەکەمی ١٠ وڵاتی دنیادایە کە سانسۆر پیشەیانە(Committee to Protect Journalists ساڵی 2015)، - پلەی پاسپۆرت:٨٧ لە نێو ٩٤وڵاتدا (بونیادی Henley & Partners ساڵی ٢٠١٤)، - پلەی ئێعدام: 1(Amnesty International USA ساڵی 2015)، - پلەی هەڵاتنی مێشکەکان: 1 (international monetary fund ساڵی ٢٠١٥)، - پلەی دەکارکردنی هێرۆئین وەک ماددەیەکی سڕکەری مەترسیدار: 1 (World Drugs report ) - پلەی شەفافییەتی نێونەتەوەیی کە پێوەرێکە بۆ گەندەڵیی ئابووری لە نێو ١٧٤ وڵاتدا، ١٣٦ە! (Transparency International ساڵی 2015)، - پلەی فەلاکەت هێمایەکی ئابووری‌یە کە پەیوەندیی بە ڕێژەی بێکاری‌یەوە هەیە: ٢ (Cato Institute)، - پلەی تەندروستی: ٩٣ (World Health Organization)، - بەپێی نەخشەی کۆمپانیای راوێژکاری «Control Risks»ئێران وەک ناوچەیەکی « زۆر مەترسیدار» دەستنیشان‌کراوە. - لەباری خۆشگوزەرانی‌یەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکان‌دا پلەی ئێران بەم شێوەیەیە: ئابووری ١٠٥، حوکمڕانی ١٢٢، ئازادیی تاکەکەسی ١٣١، خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی ٩٥، سەرمایەی کۆمەڵایەتی ١١٥، ئاسایش ١٢٠ (LEGATUM INSTITUTE ساڵی ٢٩١٥) ئەم ئامارانە و زۆر داتای دیکه‌ش هەن کە دۆخی کارەساتباری ئێران نیشان دەەن و لە ڕاگەیاندن و میدیاکانی کۆماری ئیسلامی‌دا نەک باس ناکرێن، بەڵکوو باسکردنیشیان باسی سەرە! دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بە دانی داتای هەڵە بە خەڵک حەولی ئەوە دەدەن کە ئێران وەک بەهەشتی مەوعوود نیشان بدەن، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێران‌دا ساڵی ٢٠٠٩ ئەحمەدی نەژاد سەرکۆماری ئەو کات کە لەگەڵ کەڕڕووبی (کە ئێستا لە ماڵێک‌دا لە ژێرچاوەدێری‌دایە) وەک ڕکابەری هەڵبژاردن موقابه‌لەیان هەبوو، هەندێ ئاماری درۆی لەسەر ته‌له‌ڤیزیۆن باس کردن کە کەڕڕووبی بەسەرسوڕمانەوە لێی پرسی: ببوورە تۆ باسی ئێران دەکەی؟! ئێران ئەو وڵاتە نیە کە خۆی باسی دەکا، ئێران لە هەموو بوارەکان‌دا تووشی داڕمان و هەرەس‌هێنان بووە و هیچ وڵاتێک لە دنیادا بێگومان شک نابەی کە وەک ئێران قەیرانی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی بەرۆکی گرتبێ، ئێران ئەو دارەیە کە لە نێوخۆی‌دا کڕمۆڵ و هڵۆڵ بووە و هاکا ئەمڕۆ و هاکا سبەی کەوتە عەرز! لە ژماره‌ ٦٧٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌