کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران راست دەکا؛ یەکگرتوویی دژبەران سەردانی روحانی بۆ ئوتریشی هەڵوەشاندەوە

19:08 - 11 خاکەلێوه 2716

بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی مارسی ٢٠١٦ حەسەنی روحانی سەرۆک کۆماری ئێران بە یاوەریی وەفدێک سەردانی وڵاتی ئوتریش بکا. بەڵام کەمتر لە ٢٤ سەعات پێش لەو وادەیە، وتەبێژی دەفتەری سەدری ئەعزەمی ئوتریش رایگەیاند کە روحانی بە هۆکاری ئەمنیەتی سەردانەکەی هەڵوەشاندۆتەوە. رێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمتر وا هەیە لە پێوەندیەکانیان دا لە گەڵ خەڵک و لە گەڵ بەرامبەرەکانیان راستگۆ بن. بەڵام ئەمە رەنگە لەو دەگمەن جارانە بێ کە راستگۆیی لە قسەی ئەواندا دەبیندرێتەوە. ئەویش نە بەو مانایە کە روحانی و وفدە یاوەرکەی لە ئوتریش گیانیان دە مەترسی دەکەوت بەڵکو ئەمە وەک هەموو جاران دەرەنجامی بە ئاکام نەگەیشتنی داخوازیی ئەوان لە دەوڵەتی ئوتریشە بۆ ئەوەی رێگا نەدا دژابەرانی ئەم رێژیمە دژ بە سەردانی روحانی بڕژێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەربڕن. روحانی هەر ماوەیەک لەوە پێش و لە سەردانەکەی بۆ فەرانسە، شاهیدی خۆپێشاندانی بەرین بوو و ئەزموونێکی تاڵی وەرگرت. بە پێی عورفی دیپڵۆماسیی نێودەوڵەتی، کاتێ دوو وڵات سەبارەت بە سەردانی بەرپرسی پایەبەرزی وڵاتێک بۆ وڵاتەکەی دیکە رێک دەکەون، پێشوەخت هەموو لایەنە ئابووری، سیاسی و تەنانەت ئەمنیەتیش تاوتوێ دەکرێن و دوا جار کە لە سەر هەمووی ئەوانە ساخ بوونەوە، وادەی سەردان دیاری دەکرێ و رادەگەیەندرێ. بۆیەش ئەمن پێم وا نییە کێشەی هاتنی روحانی، وەک هێندێک کەس بۆی دەچن، پێوەندی بە رێکنەکەوتنێکی ئابووری یان شتی لەو بابەتە بێ. ئەگەرچی بۆ ئێمەی کورد وڵاتی ئوتریش و شاری ڤیەن هەمیشە بیرهێنەرەوەی تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، کاک عەبدوڵا قادری ئازەر و دوکتور فازل رەسوڵە و لەوەش خراپتر داڵدە دان و ناردنەوەی تیرۆریستەکان بۆ ئێران و دوا جار داخستنی کەیسی ناکامی روونبوونەوەی ئەم تیرۆرە ناجوامێرانەیە، بەڵام سەرەڕای بەند و بەستە ژێر بە ژێرەکانی نێوان سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە لە گەڵ سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وڵاتی ئوتریش یەکێک لە وڵاتانی دێموکراتیکی ئوروپایە. لە هەموو وڵاتانی دێموکراتیکیش‌دا خۆپێشاندان و دەربڕینی نارەزایەتی بە پێی یاسا رێگە پێدراوەو دەوڵەت ناتوانێ بە ئاسانی بە سەر یاسادا باز بدا. بۆیەش هۆکاری سەرەکیی هەڵوەشانەوەی ئەو سەردانە دەتوانێ راست بۆ ترس لە بەرینیی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیە بگەڕێتەوە کە زیاتر لە ٢٥ رێکخراو و دەیان کەسایەتی ئامادەکاریان بۆ کردبوو. لە ناو لیستی ئەو رێکخراوانەدا ٦ رێکخراوی کوردیش دەبیندرێن. ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە و دەمهەوێ پەنجەی بۆ رابکێشم، ئەوەیە کە ئەوەی حەسەنی رووحانی لە سەردان بۆ ئوتریش پاشگەز کردەوە، یەکگرتوویی هەموو دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و نەیارانی ئاکارەکانی ئەم رێژیمە بوو. ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای لایەنەکانی دیکە خۆیان بۆ بەشداریی چڕ و پڕ لە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو سەردانە ئامادە کردبوو. هاوکاریی مەیدانی ئەندامانی دوو حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەشداری لەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە، سەرەڕای ئەم فەزایەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبوکدا لە لایەن هێندێک کەسەوە بۆ نێوانی ئەم دوو حیزبە ژاراوی کراوە، جێگای سەرنج و دەستخۆشیە. ئەوش پێمان دەڵێ کە تاکە رێگای وەستانەوەو بەچۆکداهێنانی ئەم رێژیمە غەیری یەکگرتن، هیچ رێگایەکی دیکەی نییە. ئەم ئەزموونە دەبێ بۆ ئێمەی دژبەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرینگ بێ. دەبێ لە سەر هەست و لە سەر پێ بین. لەمە بە دوا دەبێ یەکگرتوانە هەوڵ بدەین هیچ وڵاتێکی ئوروپایی، ئوسترالیا یان ئەمریکا بۆ سەردانی سەرانی کۆماری ئیسلامی بە وڵاتی "ئەمن" و "ئارام" حیساب نەکرێن.