کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ ئاکامی بێئەملاوئەولای بەڵگەنامەی ئاسۆی ٢٠ی ساڵەی ئێران

06:37 - 20 خاکەلێوه 2716

وەرگێڕ: رێبوار مەعروفزادە ئەگەرچی ١١ ساڵ لە دەستپێکردنی پلانی ٢٠ سالە و یەکسال لە ڕاگەیاندنی پرۆگرامی گەشەی شەشەم تێدەپەری و هەموو نیشانە و بەڵگەکان دەرخەری ناسەرکەوتوویی رێژیمن لەگەیشتن بە ئامانجە کورتخایەن و درێژخایەنە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یەکانی ئەو پلانە، بەڵام رێبەرانی رێژیم هەروا جەخت لە سەرکەوتوویی ئەو پلانە و گەیشتن بە ئامانجەکانی دیاریکراو لە بەڵگەنامەی ئاسۆی ٢٠ سالە دەکەن. هۆکاری ڕوون بۆ سەرنەکەوتنی ئەو ستراتژییە ٢٠ سالەیەی رێژیم، بەرنامەی شەش ساڵەگەی گەشەی ئێرانە کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی درا بە پارڵمان و بە پێی راپرتی هەواڵدەری ئیرنا ئێستا پارڵمان سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو بەرنامەیە. ئەنجامدانی ٨٠ خاڵی ناو ئەو بەرنامەیە زۆر دژوار و ئەستەمە. بۆ نموونە لە خاڵی یەکەم ئاماژە بە گەیشتن بە گەشەی ئابووری ٨ لەسەد کراوە و لە خاڵی ٣٩ش ئاماژە بە کەمکردنەوەی گەندەڵی ئیداری و ئابووری و شەر لەدژی گەندەڵی کراوە. جێگای ئاماژەیە کە رێژیم بە هۆی نەبوونی ئازادی ڕادەربرین و بەکەڵک وەرگرتن لە میدیا و هەندێک خەڵکی کارناسی خۆی و بەدانی ئامار و داتای ناراست هەوڵ دەدات پاساو بۆ گرفتەکانی وڵات بێنێتەوە و ئاسۆیەکی ڕوون لەبەرچاوی خەڵک وێنا بکات. ئەگەر خەڵک لە گەندەڵی و ناکارامەیی رێژیم بەتەواوەتی ئاگادار بن و دڵنیا بن لەوەی هیچ داهاتوویەکیان لە ئێران نیە، هیچ شتێک تەنانەت ترس لە کۆژرانیش ناتوانێت پێش بە ڕوودانی شۆرشێکی جەماوەری بگرێت. لەو وتارەدا بە پشتبەستن بە هێندێک ئامار و داتا لە چەند سەرچاوەی برواپێکراو هەوڵ ئەدەم بەشێوەی گشتی ناسەرکەوتووی بەرنامەکانی گەشەپێدانی رێژیم بەتایبەتی ناسەرکەوتووی سەندی ئاسۆی ٢٠ سالەی ئێران باس بکەم. ١١ ساڵ لەمەوبەر مەجمەحی تەشخیسی مەسلەحەتی رێژیم بەرنامەیەکی ٢٠ سالەی بە دەستووری خامنەیی و بۆ گەیشتن بە کۆمەلێک ئامانجی ئابووری، سیاسی، زانستی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئامادە کرد و بریاربوو لە چوارچێوەی چوار پلانی گەشەی پێنچ سالە ئەنجام بدرێت. ئەو ئامانجانە بریتی بوون لە گەیشتنی ئێران بە پلەی یەکەمی ئابووری و زانستی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، قەفقاز و ئاسیای ناوەراست، دابینکردنی هەلی کار و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئەمن و تەندروست کە ئەمنیەتی خواردن و کۆمەڵایەتی هەبێت و کۆمەڵگەیەکی بە ئەخلاق بێ و ئیلهامدەری جیهانی ئیسلامی بێت. ئیستا کە ١١ سال لە ڕاگەیاندنی ئەو بەرنامەیە تێدەپەرێت، ئامارەکان ناسەرکەوتوویی ئەو بەرنامەیە نیشان دەدەن. بە پێی ئاماری بانکی جیهانی، ولاتی تورکیە بە هەبووبی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی (GDP) زیاتر لە ٨٠٠ میلیارد دۆلار و عەرەبستان بە هەبوونی GDP زیاتر لە ٧٤٠ میلیارد دۆلار، ئابوورییەکی گەورەتریان لە ئابووری ئێران هەیە و تەنانەت داهاتی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی زۆر وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەراست وەک کوەیت، قەتەر، ئیمارات، تورکیە، عەرەبستان و ئیسرائیل لە ئێران زیاترە و گەشەی ئابووری ئەو وڵاتانەش لە ئێران زیاترە. ئێران تەنانەت ئەگەر گەشەی ٨ لەسەدیشی هەبێت ناتوانێ لە کاتی دیاریکراو پلەی یەکەمی ئابووری لە رۆژهەڵاتی نێوەراست هەبێت. هەروەها ناوەندی لێکۆلینەوەکانی ئێران بەراوردی کردوە کە ئەگەر تا ٦ ساڵی دیکە رێژەی گەشەی ئێران ٥ لەسەد بێت، رێژەی بێکاران بە ٤ میلیۆن دەگات. بە پێی ناوەندی لێکۆلینەوەکانی ئێران رێژەی گەشەی ئێران لە ساڵی ڕابردوو یەک لەسەد بووە. بەو پێیە رێژەی بێکاران لە ئێران هەروا زیاد دەبێت و نەهێشتنی بێکاری لە ئێران لەو ماوە دیاریکراوەدا کارێکی زۆر ئەستەمە. سازمانی بەهزیستی ئێران لە ساڵی ١٣٩١ ڕایگەیاند کە ٨٠٠ هەزار لە کەمی خواردن ڕەنج دەبەن و دوو ساڵ لەمەوبەریش وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئێران باسی لە ١٢ میلیۆن کەسی هەژار لە بواری خواردندا کرد. بە پێی ئەوەی کە رێژەی گەشەی هەڵاوسان لە دوو ساڵی ڕابردوو لە رێژەی گەشەی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی زیاتر بووە، رێژەی هەژاری لە ئێران زیاتر بووە و ئەوەش دەرخەری ناسەرکەوتوویی بەرنامەکانی رێژیمە.  کۆماری ئیسلامی لە حالێکدا دەیهەوێت ئێران بگەینێتە پلەی یەکەمی زانستی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست کە دوو ساڵ لەمەوبەر سەرۆکی رێکخراوی «سواد اموزی» ئێران ڕایگەیاند کە کە زیاتر لە ٩ میلیۆن نەخوێندەوار و ١١ میلیۆن کەمخوێندەوار لە ئێران هەیە. بە وتەی جێگری فەرهەنگی کۆمیتەی ئیمداد، ساڵانە ٤٣٠٠ قۆتابی واز لە خوێندن دێنن کە ٨٠ لەسەدی بەهۆی هەژاری یە. لە بەرنامەی ئاسۆی ٢٠ ساڵە ئێران وادانرابوو کە کۆمەڵگەی ئێران ببێ بە نموونە و مودێلێک بۆ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و تا ساڵی ١٤٠٤ ئێران ببێ بە یەکێک لەو وڵاتانەی کە تەناهی کۆمەڵایەتی و یاسایی هەیە و رێز لە کەرامەت و مافی مرۆڤەکان دەگرێت. ئێستا کە ساڵانێک لە ڕاگەیاندنی بەرنامەی ٢٠ سالە تێپەرێوە، بە پێی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئێران لە ریزی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دایە و لە نێوان ١٧٤ وڵاتدا پلەی ١٣٠ هەیە لەحالێکدا عەرەبستان پلەی ٤٨ و تورکیە ٦٦ و پاکستان لە ریزی ١١٧ دان. بەهۆی دەستێوەردانی دامەزراوە نیزامییەکان وەک سوپای پاسداران لە ئابووری و نەبوونی ڕاگەیاندنی ئازاد، نەتەنیا بنبڕکردنی گەندەڵی ناکرێک بەڵکوو رەنگە رێژیمیش تووشی ڕووخان بکات. کۆمپانیاکانی سوپای پاسداران نزیک ٤٠ لەسەدی ئابووری ئێران کۆنترۆل دەکەن. هەروەها بانکی جیهانی ساڵانە ئامارێک لەسەر گەشەی مرۆیی وڵاتان بڵاو دەکاتەوە کە بەپێی پێوەرەکانی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، پەروەردە، تەندروستی، ئازادی تاکەکەسی و ... دەبێت. لە ریزبەندی ئەمسالی بانکی جیهانیدا، ئێران پلەی ٦٩ هەیە لەحالێکدا عەرەبستان پلەی ٣٩، قەتەر پلەی ٣٢ و ئیسرائیل پلەی ١٨ هەیە. هەموو ئەو ئامارانە نیشان لە ناسەرکەتوویی بەرنامەکانی گەشەندنی کۆماری ئیسلامین. هەلبەت ئێران لە بواری رێژەی لەسێدارەدان پلەی دووەمی لە جیهاندا هەیە، رێژەی سووتان ٨ قاتی رێژەی نێونجی سووتان لە جیهان دایە و هەزاران پەروەندەی شەری سەر شەقام لە ئێران بوونی هەیە. ئێران نەتەنیا ناتونێک نموونەیە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان بێت، بەڵکوو پێویستی بە فێربوون لە وڵاتانی دیکە بۆ گەشەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. بەپێی ئەو ئامارانە و بارودۆخی ئێران، ئامانجەکانی سەندی ئاسۆی ٢٠ سالە بە هیچ شێوەیەک بەدینایەت، بەڵام ئێران بە کەمکردنی دەستێوەردانی دامەزراوەکانی نیزامی وەک سوپای پاسداران لە ئابووری و شەر لەگەڵ گەندەڵی، بەرێوەبردنی ماددەی ٤٤ی یاسای بنەرەتی و پێکهێنانی پێوەندی دوستانە لەگەڵ ولاتانی ناوچە و جیهان،  دەستبەرداربوون لە درووشمەکانی دژە ئیسرائیل و دژایەتیکردنی رۆژئاوا، دەتوانێت بەستێنی راکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ ئێران دروست بکات و رەنگە هیوا بە ژیانێکی باشتر و هەژاری کەمتر لە ئێران زیاتر بێت. هەرچەند ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئەوەمان پێدەلات کە چاوەروانی بوونی سیاسەتی دروست و دوستانە لەگەڵ ولاتانی ناوچە و جیهان لەو رێژیمە چاوەروانیەکی گونجاو نیە. لە ژماره‌ ٦٧٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌