کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران و قووڵ‌بوونەوەی قەیرانەکان!

06:40 - 20 خاکەلێوه 2716

لە پاش ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە «بەرجام» لە نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥ و بە تایبەت دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی دەورەی دەیەمی مەجلیس شورای ئیسلامی و مەجلیسی شارەزایانی ڕێژیم، کێشە و شەڕی باڵەکانی نێو دەسەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو، ڕووی لە زیاد بوون و زەق بوونەوە کردوە. لەو بەینەدا، ئەوەی زۆر دەگمەن و جێی سرنجە، هێرشە ئاشکراو ڕاشکاوەکانی ڕێبەری نیزام خامنەیی‌یە بۆ سەر ڕووحانی و ڕەفسەنجانی و بەگشتی باڵی بە ناو میانەڕەو و چاکسازیخوازەکان. خامنەیی کە وا دیارە بە دەنگ نەهێنانەوەی محەممەدی یەزدی و مێسباحی یەزدی، سەرۆک و ئەندامی مەجلیسی شارەزایانی ڕێژیم  بۆ ئەو مەجلیسە، لەلایەک و لەلایەکی دیکەش، هێنانەوەی دەنگی یەکەم لە تاران لەلایەن ڕەفسەنجانی‌یەوە زۆر توورە بوو، لەو ماوەیەدا لەهەر بۆنەو ڕێوڕەسمێک‌دا کە دەرکەوتوه، نەیارە سیاسی‌یەکانی داوەتە بەر ڕەخنە و هێرشی تووندو، سەرکۆنەی کردوون. خامنەیی لە قسەکانی بە بۆنەی ساڵی نوێ‌دا هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی باسی بەرجامی دوو و سێ و ئاشتی نەتەوەیی دەکەن و بە ساویلکە ناوزەدی کردن و هۆشداریدا کە ئەو بۆچوونانە ڕێخۆشکەرن بۆ دزە کردنی دووژمنانی نیزام و جێ پێی ئامریکا لە ئێران‌دا خۆش‌دەکات.  مەبەستی خامنەیی لەو کەسانە ڕووحانی بوو، چونکە ناوبراو لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا باسی گرینگی ڕێککەوتنی ناوکیی و بەرجامی دوو و ئاشتی نەتەوەیی کردبوو. هەروەها خامنەیی لەو ماوەیەش دا هێرشی تووندی کردە سەر ئەو کەسانەی دەڵێن «دنیای دواڕۆژ، دنیای دانووستانە، نەک مووشەک» و کوتی ئەو کەسانە یان نەزانن یان خائین. دیارە ئەو وتەیەش هی ڕەفسەنجانی‌یە و خامنەیی بە بێ ناوهێنانی ناوبراو، بەڕاشکاوی  ڕەفسەنجانی دابەزاندە ڕادەی کەسێکی نەزان یان خائین. هەر لەو پێوەندی‌یەدا و لەگەڵ ڕەخنە و هێرشی تووندی خامنەیی بۆسەر ڕووحانی و ڕەفسەنجانی و باڵی بە ناو میانەڕەو و چاکسازی‌خوازەکان‌دا، سپای پاسداران و پێش‌نوێژ و ئیمام جومعەکانی شارەگەورەکان و ئاڵقە لەگوێ‌کانی سەر بە ڕێبەر و تووندڕەوەکان، زۆر بە خەستی هێرشیان کردە سەر نەیارانیان و تەنانەت هەڕەشەی دادگایی کردن و تەریک‌خستنەوەیان لێکردن. دیارە لە ڕابردووش‌ و لە ماوەی تەمەنی ٣٧ساڵەی ئەو ڕێژیمەدا، بەتایبەت لەدوای نەمانی خومەینی وەک دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، کێشە و ململانێ نێوان باڵەکانی ڕێژیم هەمیشە بەردەوام بوە و تەنانەت بۆ نموونە لەسەر کێشەی ئیسلاحی یاسای چاپەمەنی‌یەکان لە مەجلیسی شەشەم‌دا گەیشتە ئەو ئاستەی کە خامنەیی ڕاستەوخۆ وەک ڕێبەری نیزام و وەلی فەقیە «حوکمی حکوومەتی» دەربکات. هەروەها لە زۆر کێشە و ڕووداوە نێوخۆیی و دەرەکی‌یەکان‌دا، خامنەیی بە حوکمی ڕێبەر بوون دەخالەتی کردوە و ڕێڕەوی ڕووداوەکانی بە قازانجی خۆی و تووندڕەوەکان‌دا شکاندۆتەوە. بەڵام بەو حاڵەش ناکۆکیی و دژایەتی ئاشکرای ئێستای نێوخۆی ڕێژیم، لە زۆر بارەوە جیاوازە لەگەڵ کێشە و ململانی‌یەکانی ڕابردوو. ئەو کێشە و ناکۆکی و ململانی‌ و شەڕی دەسەلاتە بێ‌گومان دەتوانێ لە داهاتوودا و لەپاش نەمانی خامنەیی کاریگەری زۆری هەبێ لەسەر ڕێڕەو و ئیستراتێژی و داهاتووی سیاسی کۆماری ئیسلامی. هەر بۆیەش سەرکەوتن لەو مەیدانەدا بۆ باڵەکانی ڕێژیم، بەتایبەت بۆ خامنەیی و باڵی تووندڕەو و دەسڕۆیشتوو، زۆر گرینگ و حەیاتی‌یە. خامنەیی و سپای پاسداران و پاوانخوازەکان، ئامادە نین بەهیچ شێوەیەک لەئاست سیاسەت و خەتە گشتی‌یەکانی نیزام بۆ میانەڕەو و ڕێفۆرم‌خوازەکان پاشەکشە بکەن و لەوە زیاتر نەرمی بنوێنن. لەڕاستی‌دا هەموو قەیرانە سیاسی و ئابووری و ئیداری‌یەکانی ڕێژیم، چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست و دنیای دەرەوە، لێک‌گرێ‌دراو و پەیوەستە بە داهاتووی ڕێژیم و کێشە هەرە مەزن و چارەنووس‌سازەکەی کە ئەویش کێشەی ڕێبەری داهاتووی کۆماری ئیسلامی‌یە. ئەو کێشەیە تەنیا کێشەی باڵ و لایەنەکانی ڕێژیم بۆ وێنە لەسەر کێشەی ناوکیی، کێشەی چۆنیەتی پێوەندی‌یەکان لەگەڵ ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی و تەنانەت کێشەی کەمینە و زۆرینە بوون لە مەجلیس‌دا نی‌یە؛ بەڵکوو کێشەیەکە کە پێوەندی بە داهاتووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌یەوە هەیە و هەموو ئەو بابەت‌گەلانەی کە باسکران لەخۆدەگرێ. بۆیە چارەنووس سازە، چوونکە هیچ‌کام لە دەمڕاستەکانی ڕێژیم لە هیچ بارێکەوە ناتوانن ئەو هێز و دەسەڵات و کەسایەتی‌یە سیاسی و کاریزماتیکەیان هەبێ کە خامنەیی لە دوای مەرگی خومەینی بە هاوکاری کەسێکی بەتوانای نێو دەسەڵات یانی ڕەفسەنجانی بۆخۆی پێکەوەی‌نا. ئەو ڕەفسەنجانی‌یەی کە بە گێڕانەوەی ڕاست یان درۆی قسەیەکی خومەینی، «حجت‌‌الاسلام»ێکی(خامنەیی) ٥٠ ساڵەی کردە ئیمام و ئایەتووڵا و وەلی موتڵەقی فەقیە. دیارە هەر ئەو ڕەفسەنجانی‌یەی کە بە یاری غاری خامنەیی دەشوبهێندرا، ئەوڕۆ کەوتۆتە بەرەی نەیارانی سیاسی خامنەیی و سەرەڕای پێناخۆش‌بوونی ڕێبەر و باڵی پاوانخوازی ڕێژیم، باس لە ڕێبەریی شووڕایی بۆ داهاتووی کۆماری ئیسلامی دەکات و لە ڕاستی‌دا کەس بە شیاوی ئەو پۆستە نازانێ. ئەو کێشەیە کە لەپاش ئاشکرابوونی نەخۆشیی شێرپەنجەی خامنەیی سەری‌هەڵدابوو، لەوماوەیەدا و بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەردوو مەجلیسی شووڕا و شارەزایانی ڕێژیم کە بە لەرزۆک بوونی جێگە و پێگەی خامنەیی و تووندڕەوەکان تەواو بوو، سەرلە نوێ سەری هەڵداوەتەوە. مەسەلەی جێگرەوەی خامنەیی، نەک هەر بۆ باڵەکانی نێو دەسەڵات و بۆ داهاتووی ڕێژیم لە تەواوی‌یەتی خۆی‌دا گرینگی تایبەتی هەیە، بەڵکوو بۆ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی و بەگشتی دۆست و دوژمنانی کۆماری ئیسلامیش گرینگە. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە ڕێژیمە سەرکێش و سەرەڕۆکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاستە و ئامریکا و کۆمەڵگای جیهانی هەمیشە لەگەڵ سیاسەتە مەزنخوازانە و شەڕئەنگێزانە و ئاژاوەگێڕانەی ئەو ڕێژیمە کە ئەمنییەت و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەی لە مەترسیی هاویشتوە، لە بەربەرەکانی‌دا بوون و ئێستاش سەرەڕای ڕێککەوتنی ناوکیی، لەسەر زۆر کێشەی دیکە وەک تاقی کردنەوە مووشەکی‌یەکانی ئەم‌داوییانەی ڕێژیم دژایەتی‌یان هەیە. ئەو وڵاتانە دەزانن دارێژەری ڕاستەقینەی سیاسەتە گشتی‌یەکانی ڕێژیم لە کۆماری ئیسلامی‌ لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا، ڕێبەر و دەست و پێوەندەکانی‌یەتی. هەر بۆیەش بە وردی و گرینگی‌یەوە دەڕواننە کێشە و ململانێ نێوخۆیی‌یەکانی باڵەکانی ڕێژیم و داهاتووی کۆماری ئیسلامی لەپاش نەمانی خامنەیی. ڕاستی‌یەکی حاشاهەڵنەگرە کە سەرەڕای کێشە و ململانی باڵەکانی ڕێژیم لەسەر بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و شێوەی بەڕێوە بردنی و ناکۆکیی لەسەر زۆر کێشەی سیاسی و ڕوانگەی لێک‌جیاواز، هاوڕا و هاوتەریبن لەسەر خەتە گشتی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی و پاراستن و داکۆکی کردن لە بەرژەوەندی‌یەباڵاکانی ئەو ڕێژیمە، وەک «کۆماری ئیسلامیی ئێران». بەهەرحاڵ ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەوە خامنەیی و سپای پاسداران و باڵی دەسڕۆیشتووی ڕێژیمە کە لە ڕێگەی مەجلیسی شارەزایان، ڕێبەری داهاتووی وڵات دیاری دەکەن و کەسێک یان ئەگەر ناچار بن شووڕایەک دیاری دەکەن کە لە هەموو بوارەکان‌دا درێژەپێدەری ڕێگە و بۆچوونەکانی خامنەیی و خۆیان بێ. بەڵام بێ‌گومان ئەو ڕێبەرە یان شووڕای ڕێبەری‌یە، نە کەسایەتی و هێزو دەسەڵاتی خامنەیی دەبێ و نە سپای پاسداران کە دەسەڵاتێکی بەهێزی ئابووری و سیاسی و نیزامی هەیە، زۆر گوێ‌ڕایەڵی ئەو ڕێبەرە دەبێ. بەڵکوو بەپێچەوانە، ئەوە ڕێبەر یان شووڕای ڕێبەری داهاتووی ڕێژیمە کە دەبێتە ئامرازێک بەدەست ئەو دەسەڵاتەی کە هەر ئێستا لە هەموو بوارەکان‌دا شان بە شانی دەوڵەت و وەک سێبەری دەوڵەت خۆ دەنوێنێ. دیارە مەرگی خامنەیی کاریگەری دەبێ لەسەر قووڵ‌بوونەوەی قەیران و کێشە و ناکۆکی‌یەکانی نێوان دەستەو باڵەکانی ڕێژیم و زۆر کەس لە میانەڕەوەکان و ڕێفۆرم‌خوازەکان و ئەو کەسانەی هەتا ئێستا بەهەر هۆیەک تووندڕەوەکان ناچار بە تەحەموول‌کردنیان بوون، وەلادەنرێن و لە ئاڵقەی دەسەڵات دوور دەخرێنەوە. هەروەها ڕێژیم بۆ سەقامگیر کردنی بارودۆخی خۆی داوای هەلبژاردنی ڕێبەر یان ڕێبەرایەتی تازە، سیاسەتی زەبرو زەنگ و گرتن و ڕاوەدوونان زیاتر پەرەدەستێنێ و دەرفەت و دەرەتانی چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەگەری لەوەی کە هەیە بەرتەسک‌تر دەبێتەوە. بەوحاڵەش کۆماری ئیسلامی لەتەواویەتی خۆی‌دا زەبرێکی کاریگەری وێدەکەوێ و بەدڵنیای‌یەوە نە لە ئاستی نێوخۆیی و نە لە ئاستی دەرەوەدا ئەو جێگە و پێگەیەی ئێستای نامێنێ. لە ژماره‌ ٦٧٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌